پارێزگاری هه‌ولێر بۆ لایەنە پەیوەندارەکان: "دەبێت لە هاوینى ئه‌م ساڵ كەمترين کێشە و گرفتی کەمی ئاومان لەسنوورى پارێزگاکەمان هەبێ"
پارێزگاری هه‌ولێر بۆ لایەنە پەیوەندارەکان:
"دەبێت لە هاوینى ئه‌م ساڵ كەمترين کێشە و گرفتی کەمی ئاومان لەسنوورى پارێزگاکەمان هەبێ".
ئێواره‌ی ئەمڕۆ سێشەممە 2023.5.9، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و ئامادەبوونی جێگرانی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبا و قائیمقامی ناوەند و به‌رپرسانی دیکەی په‌یوه‌ندیدار، له دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ هاوینی ئەمساڵ و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی كه‌مبوونەوەی ئاوى پاکی ماڵان و سەرچاوەکانی ئاو ئه‌نجامدرا.
له‌کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هه‌ولێر، وێڕاى ئەوەى سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى وەزیرانى کرد لە بارەى پاڵپشتى بەردەوام و ڕەزامەندبوونیان لە بەرامبەر هەر داواکارى و پێویستیەک بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کەمى ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەى ووشکەساڵى لە چەند ساڵى ڕابردوو، سەبارەت بە ئەگەرى کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و ئاوی پاکی ماڵان لەهاوینى ئەمساڵ، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپارد له سه‌ر خێڕا چاره‌سه‌ركردنی هەبوونى هەر کێشە و گرفتێک، بۆ ئەو مەبەستەش ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان لە ئامادەباشی تەواودابن و هه‌نگاوی كرده‌یى و خێرا بگرنەبەر. هه‌روه‌ها لەپێناو ڕێگەگرتن لە دروستبوونى کێشەى ئاو لەبەشێک لە گەڕەکەکان، جه‌ختی له‌سه‌ر دابینکردنی کارەبای بەردەوامی بیرەکان لەلایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر کردەوە.
دوایی گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونی ئاماده‌بووان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگە چارەی گونجاو و خستنه ڕووی چه‌ند پێشنیارێك، پارێزگاری هەولێر دووبارە تەئکیدى لەوەکردەوە بەپێی هەموو ئەو ئاماداکارییانەی کراوە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر، بۆ هاوینی ئەمساڵ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو هەبێت، به‌پێویستیشی زانی هاوڵاتییانیش لەگەڵ هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی گیراوەتەبەر هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو و ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رپێچی و زێدەڕۆیی له‌سه‌ر تۆره‌كانی ئاو.
لە کۆتایشدا، پارێزگاری هه‌ولێر، ئاماژەى بە بەردەوامیدان بە هەڵمەتى بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاودا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و دەوروبەری ڕاسپارد دەستبکەن بە کارپێکردنی بیرە نوێکانی ئاو و نۆژه‌نكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی هەر کێشە و گرفتێک هەبێت لە بیرەکانى تر.