بەفەرمی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.5.10، بە ئامادەبوونی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی و ئومێد خۆشناو، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و والی جولەمێرگ و شاندی یاوەریان و کونسڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی و سەربازی، لە ڕێورەسمێکدا دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەشێوەیەکی فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، کە یەکەم دەروازەیە پارێزگای هەولێر و پارێزگای جۆلەمێرگ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر، بە نوێنەرایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا، وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لە سایەی سیاسەتی حەکیمی ڕابەر و سەرۆکمان مەرجی کوردستان جەنابی سەرۆک بارزانی، هەنگاوێکی دیکە لە ئاوەدانی و لە خۆشگوزەرانی و لە تۆکمەکردنی بە هێزبوونی هەرێمی کوردستان دەچێتە پێشەوە".
گوتیشی: "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەردەوامی گەشەسەندن و پێشوەچوونەکانی بە بەردەوامی لە ستراتیژیەت و ڕوئیا و دونیابینی جەنابی سەرۆکی حکومەت، هەموو هەوڵەکان چڕکراوەتەوە بە ئامانجی خزمەتگەیاندنی زێتر و باشتر بەهاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەو دەڤەرە خۆشەویستەش ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دوژمن چەندین جار هەوڵی خاپوورکردن و سوتماکردنی داوە، ئەوا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە لێرە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی دەکاتەوە".
لە کۆتایشدا، وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی دەڤەرەکە و هەرێمی کورستان بەگشتی، ئومێد خواست کردنەوەی ئەم دەروازەیە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ هەموو میلـلەتی کوردستان.
پاشان، هەریەک لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامی مێرگەسۆر وتاریان پێشکەشکرد.
جێگەی باسە، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت کە دەبێتە سێیەمین دەروازەی نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و وەک قۆناغی یەکەم بەڕووی گەشتیاران کراوەتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت. دەکەوێتە سنووری ناحییەی شێروان مەزن، دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، کرایەوە، کە دەبێتە دەروازەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و سودێکی زۆریشی دەبێت بۆ بوژانەوەی ئابووری و گەشتیاری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە.