دروستکردنی شڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانە لە قۆناغى کۆتایدایە
لە هەولێر، بە گوژمەى (455 ملیۆن دینار)...
دروستکردنی شڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانە لە قۆناغى کۆتایدایە
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.5.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنى شڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانەى بەسەرکردەوە، کە لە پێناو کەمکردنەوە و نەهێلانی سەگى بێلانە لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بە گوژمەی (455 ملیۆن دینار) لە سەر بوودجەی پارێزگای هەولێر و لە سەر ڕووبەری 20 دۆنم زەوی لە دەرەوەى شارى هەولێر دەست بە دروستکردنی کراوە.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا کە هەریەک لە جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و بەرێوەبەرى ڤێتێرنەری یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە چۆنیەتى کارەکانى کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە ئەندازیارانى پارێزگاى هەولێر کرد کە سەپەرشتى پڕۆژەکە دەکەن بۆ گەیشتن بە قۆناغى کۆتایی پرۆژەکە و ئەنجامدانى کارەکان بە رێک و پێکى.
پارێزگارى هەولێر، هەروەها جەختى لەوەکردەوە پێویستە پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بە کۆتابێت بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە کە بوونەتە هۆى مەترسى بۆ سەر گیانى هاوڵاتییان و بڵاوبونەوەى نەخۆشی و پەتا، تاوەکو لە زووترین کات لە لایەن لایەنە پەیوەندیدار و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە لە پێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان و بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونیان، دەستبکرێت بە هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی ئەو سەگانە لەو شوێنەدا.
جێگەى ئاماژە بۆکردنە، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر ژمارەیەکى زۆر سەگی بێلانە هەن، بڵاوبوونەوەى ئەو سەگانەش لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان جگە لەوەى دیاردەیەکى ناشارستانین، لە ڕووى تەندروستیشەوە هەبوونى ئەو ئاژەڵە بێلانانە لە ناو شاردا هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان و مەترسیین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بە تایبەتی منداڵان، لەو پێناوەشدا پارێزگاى هەولێر بۆ نەهێڵانى ئەو دیاردە ناشارستانییە و پاراستن و سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان، (455 ملیۆن دینار)ى وەک گوژمە تەرخانکردووە بۆ دروستکردنى ئەم پەناگەیە بە شێوە و شێوازێکى سەردەمیانە، لە ئێستاشدا کارەکانى پڕۆژەکە گەیشتۆتە قۆناغى کۆتایی و لەمنزیکانەشدا دەستدەکرێت بە هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی سەگەکان و گواستنەوەیان بۆ شڵتەرەکە.