لە هەولێر .. ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەرز ڕاگیرا

لە هەولێر .. ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەرز ڕاگیرا

لە هەولێر ..
ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.5.15، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆمەڵەی زانستی پەرستارانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران لەهۆڵی هوتێل شیراتۆن لەهەولێر کۆنفرانسێکی لەژێر ناونیشانی"پەرستاران داهاتوومانن" سازکرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و پزیشک و پەرستاران ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لەوتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە پەرستارانی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، دەست خۆشی لە سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە کرد.

پاشان تیشکی خستەسەر ڕۆڵ و کاریگەری دیار و بەرچاووی پەرستاران و ئاماژەی بەوەدا کە جوانترین پێناسە درابێت بە پەرستاران فریشتەی میهرەبانییە، ئەوەش پڕ بەپێستی کاری پیرۆزی ئەو فریشتانەیە لە بەهانەوەهاتن و هاریکاری و یارمەتیدانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان، کە گەلێک جار گیانی خۆشیان کردۆتە قوربانی لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتییان.

لەکۆتایشدا چەند بابەتێک لەلایەن پسۆڕ و پزیشکان لەبارەی گرنگی و کاریگەری و بەربەستەکانی کاری پەرستاری و ڕۆڵی ئاسایشی تەندروستی لە ئاسایشی نیشتیمانی و ئاسایشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پەرستاران تێیدا پێشکەش کرا.