لە هەولێر.. لە شوێنى کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاک، دەستکرا بە هەڵمەتێکى فراوانى چاندنى دار
لە هەولێر..
لە شوێنى کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاک، دەستکرا بە هەڵمەتێکى فراوانى چاندنى دار
رۆژی چوارشەممە 2023.5.17، لە ژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە پێناو پاراستنى ژینگەى شارى هەولێر و زیادکردنى ڕیژەى سەوزایی، لە ڕیورەسمێکدا دەستکرا بە هەڵمەتێکى فراوانى چاندنى دار لە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنوورى کانی قرژاڵە.
لە ڕێورەسمەکە، کە هەریەک لە سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکان و بەڕێوەبەرى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى و بەڕێوەبەرى شارەوانى کانى قرژاڵە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر وێراى دەست خۆشى لە سەرپەرشتیارانى هەڵمەتەکە، ڕایگەیاند: "ئەو کارە کە بەهاوبەشى لە نێوان بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکان و فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر ئەنجامدراوە و ئامانج لێى پاراستنى ژینگەى شارەکەمان، بەهەنگاوێکى باش دەبینین لە پێناو پارێزگاریکردن لە پاکڕاگرتنى ژینگەى شارەکەمان".