چەندین شەقامى ناوخۆیی و گشتیى ناحییە بەحرکە و گەڕەکەکانى قیڕتاوکراون
بە گوژمەى (2 ملیار و 500 ملیۆن دینار)...
چەندین شەقامى ناوخۆیی و گشتیى ناحییە بەحرکە و گەڕەکەکانى قیڕتاوکراون
ئەمرۆ پێنجشەممە 2023.5.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى قیڕتاوکردنى چەند شەقامێکى گەڕەکى ژینى ناحییەى بە حرکەى بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی (2 ملیار و 500 ملیۆن دینار)، لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، چەندین شەقامى ناوخۆیی و گشتیى ناحییە بەحرکە و گەڕەکەکانى قیڕتاوکراون.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا، کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرى ناحییە بەحرکە و بەڕێوەبەرى شارەوانى بەحرکە یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیاران و کرێکارانى پڕۆژەکە، پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە کرد و تەئکیدی لەوەکردەوە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، لە ماوەى ڕابردوو چەندین پڕۆژەى دیکەى دروستکردنى شەقام و قیڕتاوکردن لەگەڕەکەکانى ناحییەى بەحرکە و چەندین گەڕەک و شوێنی ترى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراوە، دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدەین، خواستى ئێمە وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر ئەوەیە لە چوارچێوەى بەرنامەکانى حکومەتى هەرێم و لەژێر ڕێنماییەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەروکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوەیە بتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى و دەستى ئاوەدانى بگەێنین بەهەموو شوێنێک لەسنوورى پارێزوگاکەمان بە تایبەتى گەڕەکە هەژار نشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزارى و ئاوادانیان پێگەیشتووە".
جێگەى باسە، لە چوارچێوەى گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە گوژمەى (2 ملیار و 500 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر و 15% داهاتى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر، دەست بە قیڕتاوکردنى چەندین شەقامى ناوخۆیی و گشتیى گەڕەکەکانى ناحییە بەحرکە کراوە، بە تەواوبوونى قیڕتاوکردنى ئەم چەند شەقامەى گەڕەکى ژینى ناحیەکەش کە لە ئێستادا بەگوژمەی (300 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگاى هەولێر دەستى پێکراوە، کەم شوێن دەمێنێت لەناحییەکە قیڕتاو نەکرابێت.