لە هەولێر.. سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبای دانا کە سوود لە وزەی خۆر دەبینێت
لە هەولێر..
سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبای دانا کە سوود لە وزەی خۆر دەبینێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.5.18، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆرى لەهەولێری پایتەخت دانا، کە دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەچاو ئەوەی ئێستا هەیە، بەرزتر بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.
گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەکەی 590 دۆنم زەوییە و لەماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵدەدەن بەزوویی دروستبکرێت.
لە هەرێمی کوردستان، "دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە"، کە توانای بەرهەمهێنانی 3 مێگاوات کارەبایان هەیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بڕیاریداوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا "بە گوژمەی 235 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا" لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنیدا چەندین هەنگاوی گەورەی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی وزەی سووتێنەری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەڵگرتووە.