لە هەولێر .. بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ) بەڕێوەچوو
لە هەولێر ..
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ) بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.6.18، لە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە، بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە ڕێکخرا بوو.
سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵ کردن بووەتە بەشێک لە کولتوور و رێچکەی ژیانی ئێمە".
گوتیشی: "چەندین هەزار ساڵە کە ئەم دەڤەرەی ئێمە، نەتەوە و ئایین و باوەڕی جیاجیای لەخۆ گرتووە و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن بووەتە بەشێک لە کولتوور و رێچکەی ژیانی ئێمە. لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان کورد و تورکمان وکلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن و عەرەب و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و جوو، پێکەوە ژیاون و لە رۆژانی تەنگانەدا، یارمەتیدەری یەکتربوونە. من خەڵکی دەڤەرێکم کە مزگەوت و کەنیسە و کنشت، لە یەک گونددا جێگەیان بووەتەوە. هەمیشە شانازی بەو کولتوورە دەکەم و هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ بۆ هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کولتوورە جوانە".
راشیگەیاند: "هەرچەندە هەرێمی کوردستان ئەو ناوەند و لانکەیە بووە کە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەک تیایدا هەستیان بە ئارامی و ئاسوودەیی کردووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ئەم دورگە ئارامە، کەوتووەتە بەر هێرشی هزری دوژمنکارانە، هەمیشە هەوڵدراوە ئەم کولتووری پێکەوەژیانەی هەرێم بشێوێندرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوە و ئایینەکانی ناو کوردستان دراوە".
سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکی حکومەت، گوتی: "کێشەی ئێمە تەنیا کێشەی مووچە و بابەتی دارایی نییە، ئێستا زۆربەی مافە دەستوورییەکانی ئێمەیان پشت گوێ خستووە و پێشێل کردووە، نموونەی هەرە زەقیش ئەوەیە، کە تا ئێستا لە کەرکووک و دەوروبەری، جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەیان لەسەرە و زەوی و زاریان لێ داگیر دەکرێت، کەچی دەیانەوێت هەموو مافەکانی ئێمە، لە بابەتی دارایی و مووچەدا بچووک بکەنەوە و ئەوجا ئەم بابەتەش لە دژی ئێمە بەکار بێننەوە. داوام لە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە رێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن. ئەوەی بە ئاشتی و سەقامگیری دەتوانین بەدەستی بێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن ناهێتە دی".