لە هەولێر .. پرۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی شه‌قامی 30 مه‌تری تا 60 مه‌تری بەکۆتاهات
لە هەولێر ..
پرۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی شه‌قامی 30 مه‌تری تا 60 مه‌تری بەکۆتاهات
لە چوارچێوەی گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و لە پێناو چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر، کە ساڵانێکە له وه‌رزی زستان و به‌هۆی گرفتی ئاوه‌ڕۆوە له سه‌ر شه‌قامی 30 مه‌تری و له نزیك شەقامی 60 مه‌ترى ئاوێكی زۆر كۆده‌بووه‌وه و گرفتی بۆ سیسته‌می هاتووچۆ و هاوڵاتییان دروست ده‌كرد، بە گوژمەی نزیکەی (2 ملیار و 500 ملیۆن دینار) دەستکرا بە جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئاوەڕۆى سندووقى بە درێژایی 1200 مەتر لە سەر شەقامی 30 مەتری نزیك باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تاکو شەقامی 60 مەتری نزیك سایلۆ و له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش‌دا دوایین قۆناغەکانی قیرتاوكردنی ئەم پرۆژه‌یە بە كۆتاهات.
بە تەواوبووی ئەو پڕۆژەیە، گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی 30 مەتری نامێنێت و گوشاریش لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات، هاوكات سیستەمی ئاوەڕۆی سەنتەری شاری هەولێر لەم زۆنەدا پێشوەچوونێكی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت و گرفتی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی باران له‌و سنووره چاره‌سه‌ر دەکات.