سهرۆکی حکومهتی ههرێمى کوردستان، ڕهزامهندی لهسهر تهرخانکردنی (20 ملیار دینار) داوه بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی لە ههولێر
سهرۆکی حکومهتی ههرێمى کوردستان، ڕهزامهندی لهسهر تهرخانکردنی (20 ملیار دینار) داوه بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی لە ههولێر
ئەمڕۆ یەکشهممه 2023.6.25، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و ئامادەبوونی د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار، له دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئیدارە و دامەزراو و فەرمانگەکان سەبارەت بە پلانى پارێزگاى هەولێر بۆ دەربازبوون لە هاوینى ئەمساڵ و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى ئاوى ماڵان ئەنجامدرا.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر پوختەیەکى لە بارەى بەرنامە و پلانى پارێزگا بۆ ئەو مەبەستە خستە ڕوو و ئاماژەى بە ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا بە تەرخانکردنى (20 ملیار دینار) بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی لە سنوورى پارێزگاى ههلێر، لەوبارەیەشەوە بەناوى پارێزگا و دانیشتوانى سنوورى پارێزگاى هەولێر سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و ئەنجومەنى وەزیرانى کرد بۆ ڕەزامەندبوونیان لەسەر تەواوى ئەو پڕۆژانەى کە پێشکەش کراوە و ڕەزامەندیان لەسەر دراوە، پاشان گفتوگۆ لە بارەى ئەو ئامادەکارییانە کرا کە لە چوارچێوەى پلانى پارێزگاى هەولێر ئامادەسازیان بۆکراوە لە پێناو چارەسەرکردنى گرفتى کەم ئاوى کە ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانى ڕابردوو بەهۆى ئەو پڕۆژە و کارانەى ئەنجامدراوە تاڕادەیەکى باش کەمتربوون لە ساڵانى ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد کە دوور لە ڕۆتین و بەشێوەى تەنگەتاوى و لە زووترین کات بۆ ئەو سێ مانگەى هاوینى ئەمساڵ، فەرمەنگە خزمەتگوزارییەکان دەستکراوەتربن و دەست بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بکەن، کە بەشێکیان لێدانى بیرى و چاککردنەوە و چارەسەرکردنى گرفتە تەکنیکیەکانى ترى بیرى ئاوەکانە. پاشان تیشک خرایە سەر هەموو ئەو ڕێوشوێنانەى تر کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو لە پێناو چارەسەرکردنى گیرو گرفتەکانى کەم ئاوى هەولێر گیراوەتەبەر وەک دروستکردنى پۆند و دەستکردن بە پڕۆژەى بەنداو و دانانى بەردى بناغەى بەنداوى بەستۆڕە، کە ئەوانە هەمووى بەیەکەوە گرنگى زۆریان هەیە بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنى ستراتیژى ئاوى هەولێر.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەبەردەوامیدان بە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان و بەفیڕۆنەدانى ئاو و بڕینی سهرپێچی و زێدهڕۆییهكانی سهرتۆڕی ئاوى پاکى ماڵان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەى ئاو بەفیڕۆ دەدەن کردەوە.
لە کۆتایشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە دواى خستنە ڕووى پێداویستییەکان، چەندین پێشنیار بۆ چارەسەرکردنى كهمی ئاوی خواردنهوهی ماڵان له بهشێك له گهڕهكهكانی شارى ههولێر و قەزا و ناحییە و گوند و ناوچەکانى ترى سنوورى پارێزگاى هەولێر خرایەڕوو، پارێزگارى هەولێر هەموو لایەنەکانى ڕاسپارد تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەى هەن و تەئکیدى لەسەر خێڕاترکردنى پڕۆسەى لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەر و نۆژەنکردنەوەى بیرەکان و دابینکردنى کارەباى بەردەوام لە ڕێگەى مولیدەى ئەهلى و کارەبایی نیشتیمانى کردەوە و سەرۆکایەتى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانیەکانیشى ڕاسپارد بۆ لەمەودوا چاودێرى شوێنەكانی شوشتنی ئۆتۆمبێل، حەوزەکان و شوێنەکانی فرۆشتنی ماسى، چێشتخانە و شوێنە گشتیەکانى تر بکەن و ڕیگە نەدرێت تەنیا بە ئاوی خواردنەوە و پاک كار بكەن و ئاو بەفیڕۆ بڕوات.