لە هەولێر .. یادى 34 ساڵەى ڕاگواستنی پشدەر و قەڵادزێ کرایەوە
لە هەولێر ..
یادى 34 ساڵەى ڕاگواستنی پشدەر و قەڵادزێ کرایەوە
رۆژی دووشەممە 2023.6.26، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لە هۆڵى ڕۆشنبیرى هەولێرى پایتەخت، لە ڕێورەسمێکدا بە چەندین چالاکى تایبەت یادى 34 ساڵەى ڕاگواستنی پشدەر و قەڵادزێ کرایەوە.
جێگەى باسە، لە 26ی حوزەیرانى 1989 ڕژێمى بەعس، بڕیارى ڕاگواستنى هاووڵاتییانى دانیشتووی ناوەندى قەزاى پشدەر و گوندەکانى بۆ ئۆردوگا و کۆمەڵگە زۆرەملێکان جێبەجێ کرد و لە پڕۆسەکەدا، وێڕاى ئەوەى دانیشتوانی قەزای پشدەر بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی هەولێر و سلێمانى ڕاگوێزران، خانوو و دوکان و شوێنى نیشتەجێبوونى هاووڵاتییان لەگەڵ زەوی تەخت کرا و ناوچەکە کرایە ناوچەیەکی قەدەغەکراو، پڕۆسەى کاولکارى و ڕاگواستنەکە تا ڕاپەڕینى ساڵى 1991 بەردەوام بوو، دواى ڕاپەڕین جارێکى دیکە هاووڵاتییانى سنوورەکە گەڕانەوە شوێنى خۆیان و ئاوەدانیان کردەوە، هەرچەندە ساڵى 2011 دادگاى باڵای تاوانەکانی عێراق دۆسیەی ڕاگواستنی قەزاى پشدەری وەک درێژکراوەی ئەنفال و لەناوبردنی کورد ئەژمار کرد و سکاڵا و شایەدحاڵیشى لەسەر دۆسیەکە وەرگرت، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو دۆسیەیە بە جینۆساید نەناسێندراوە و قەرەبووی زیان لێکەوتوان نەکراوەتەوە.