پارێزگاری هەولێر... "بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و گرتنەبەری رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان، گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێری بەسەرکردەوە"
پارێزگاری هەولێر...
"بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و گرتنەبەری رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان، گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێری بەسەرکردەوە"
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.6.28، لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و گرتنەبەری رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان و پاراستنی هاوڵاتییان لە مەترسی تای خوێن بەربوون، بە یاوەری ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و هاوڕێ ئیحسان، بەڕێوەبەری لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و عەقید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا و شێخ زەیتۆ، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر، گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر بەسەرکردەوە.
پارێزگاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەکەیدا، دوای ئەوەی لە نزیکەوە بەشەکانی گۆشتگەی بەسەرکردەوە، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و پزیشکی ڤێتەرنەری و تیمەکانی تەندروستی و ستاف و کارمەند و کرێکارانی کرد کە بەمیکانیزمێکی گونجاو و بەڕەچاوەکردنی دۆخی تەندروستی و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان کارەکانیان ئەنجامدەدەن.
پاشان پارێزگاری هەولێر، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕایگەیاند: "سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و مانگی سوری تورکی و هەموو ئەو هاوڵاتی و کەس و لایەنانە بەڕێزانەش دەکەین کە ئەمڕۆ بەشداربوون لە کردنە قوربانی سەدان ئاژەڵ لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر و دابەشکردنی بەسەر زیاتر لە هەزاران خێزانی کەم دەرامەت و هەژارنشینی شارەکەمان".
هەروەها وتی، "سوپاسی هاوڵاتیانیش دەکەین کە بەڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی مەترسی نەخۆشی تای خوێن بەربوون و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی تەندروستی خۆیان و هاوشارانیان پابەندی ڕێنماییەکان بوونە و لەگۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر قوربانیەکانیان ئەنجامدا".