پارێزگاری هەولێر، پڕۆسەى دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەندامانى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانی و پیشەسازیی بەسەرکردەوە
پارێزگاری هەولێر، پڕۆسەى دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەندامانى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانی و پیشەسازیی بەسەرکردەوە
ئەمرۆ پێنجشەممە 2023.11.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى سەروەر هاواری، بریکارى وەزارەتى بازرگانى و د.محەمەد شەهاب، سەرۆکى لیژنەى هەڵبژاردن، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە، پڕۆسەى دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەندامانى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانی و پیشەسازیی هەولێرى بەسەرکردەوە.
پارێزگاری هەولێر دواى ئەوەى لە نزیکەوە بە دواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پرۆسەکە کرد، دەستخۆشى لە سەرۆکى لیژنە و سەرپەرشتیار و ئەندامانى لیژنەى چاودێرى کرد، کە پرۆسەى دەنگدان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێک لە پرۆسەکەدا نییە.
پارێزگارى هەولێر، هەروەها هیواى خواست هەروەک چۆن لە ڕابردوودا توانراوە جووڵەی بازرگانی و کاری پیشەسازیی لە شارەکەمان پەرەی پێبدرێت، دواى هەڵبژاردنیش سەرۆک و جێگر و دەستەى نوێى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی بەهەمانشێوە پەرەى زیاتر بە پێشخستنى کەرتى بازرگانی و پیشەسازیی بدەن لە پێناو بوژانەوەى ئابوورى و خزمەتکردنی شارەکەمان.
جێگەى باسە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی، لە پارکى شەهید سامى عەبدولڕەحمان لە هەولێرى پایتەخت دەست بە پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنی ئەندامانى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر کراوە، بڕیارە لە هەڵبژاردنەکەدا (13) ئەندامی ئەنجوومەن لە پارێزگای هەولێر هەڵبژێردرێن و بە ستافێکی نوێوە کار بکەن، لە دوای هەڵبژاردنیش ئەندامانی نوێى ئەنجوومەن کە لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ژمارەیان (37) ئەندامە، لە هەولێر 13، لە سلێمانى 13، دهۆک 11، هەڵبجە 9، سەرۆک و دوو جێگر بۆ ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان هەڵبژێرن.