کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی سنووری لقی2ـی پارتی و قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییە و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا
کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی سنووری لقی2ـی پارتی و قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییە و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.11، سەربەست لەزگین، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و د.ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2، بە ئامادەبوونی ئاری نانەکەلی و چیا هەرکى، یاریدەدرانى بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ کارگێڕ و ئەندامانى لق و بەرپرسی ناوچەکانی لقی2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییە و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر کار و پلانی حکومەت لە ساڵانی ڕابردوو و خزمەتکردنی هاوڵاتییان لە سنووری پارێزگای هەولێر و باس لە هەڵسەنگاندن و ڕاپەراندنی کارەکانی یەکە ئیداری و کارگێڕییەکانی سنوورەکە لە ڕابردوودا بە بایەیەخەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە بۆ یەکە ئیداری و کارگێڕییەکان و دەسەڵاتەکانیان لە سنورەکە و ئاماژە بەوەدرا کە دەسەڵاتی تەواویان لە سنورەکەدا هەیە لە چوارچیوەی یاسا و ڕێنماییەکان. پاشان باس لە پێداویستی و کەم کوڕیەکانیان کرا و جەخت لە چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی گرفتەکان کرایەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2024، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر خرایەڕوو و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى کە داواکارى هاوڵاتییانى ناوچەکەن بە پێویست زانرا، لەوبارەیەشەوە داواکرا یەکە ئیدارییەکان لە سنورەکە پلانی خۆیان لە راپۆرتێکدا بخەنەڕوو بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتری هاوڵاتییان.
لە کۆتایشدا، هەماهەنگی زیاتر و جەختکردنەوە لە ئەولەویەتی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان دوپاتکرایەوە و جەخت لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕاییکردنی کاروبارەی هاووڵاتییان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و چاکتر بەڕێوەچوونی کاروباری دامودەزگاکان.