لە هەولێر .. کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لاوان بەڕێوەچوو

لە هەولێر .. کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لاوان بەڕێوەچوو

لە هەولێر ..
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لاوان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە 2023.12.12، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بارزان مەنتک، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێم و شاندێکی هەرێمی کەتەلۆنیا و شاری بەرشەلۆنا و ژمارەیەکی تر لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوکاری ڕێکخراوی نۆڤاکتی کەتالۆنی، لە هەولێرى پایتەخت، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی "لاوان، ئەکادیمیا، کۆمەڵگای مەدەنی، ئاشتی" ئەنجامدا.

لە وتارێکدا پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ناوبراو بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە و بەخێرهێنانی شاندی کەتالۆنی بۆ هەولێری پایتەخت، پرسی کۆنفرانسەکەی بەرزنرخاند بۆ ئاشتی و ھۆشیاریی کۆمەڵگە و نیشاندانی توانا و کارامەیی و پەرەپێدان بە تواناکانی لاوان، هەروەها گرنگیدانی زیاتریشی بە پرسەکانی لاوانی بە پێویست وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا لاوان پێکھاتە و چینێکی ھەستیار و سەرماییەکی گرنگی نێو کۆمەڵگان کە بە توانا و لێھاتووییان دەتوانن رۆڵی مەزنیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا له بواره جیاجیاکاندا.

جێگەی باسە، لە كۆنفرانسەكەدا کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی و پێکەوە ژیان و هەماهەنگی لە بواری زانکۆیی، ورزشی، کۆمەڵگای مەدەنی و پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان گەلان بوو بە تایبەتی لە نێوان لاوانی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کەتالۆنیا، چەند پانێڵێک لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایان سەبارەت بەو پرسانە پێشکەش کرا.