پارێزگارى هەولێر: "یەک هەفتە مۆڵەت لە بەردەم هەموو ئەو شوێن و جێگایانە هەیە، کە زێدەڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبا، سەرپێچیەکانیان هەڵبگرن"
پارێزگارى هەولێر:
"یەک هەفتە مۆڵەت لە بەردەم هەموو ئەو شوێن و جێگایانە هەیە، کە زێدەڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبا، سەرپێچیەکانیان هەڵبگرن"
ئەمڕۆ شەممە 2023.12.16، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای هەولێر، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخى کارەبا و چۆنیەتى دابەشکردنى کارەباى شارى هەولێر و پێدانی ماوەى كارەبای نیشتمانی، سەردانى سەنتەری کۆنتڕۆڵی کارەباى هەولێرى کرد.
لە سەردانەکەیدا، پارێزگارى هەولێر ناوەندی سەنتەری کۆنتڕۆڵی کارەبای بەسەرکردەوە و نزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان و دۆخى کارەبا و دابەشکردن و پێدانی ماوەى كارەبای نیشتمانی بەشاری هەولێر و ئەو بڕە کارەبایەى دەدرێت کۆڵییەوە و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی سەنتەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەولێری کرد.
لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەباش پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، جەختی لە بڕینی کارەبای 24 کاتژمێری سەرجەم شوێنەکان کردەوە، تەنها نەخۆشخانە، بەندیخانە، فرۆکەخانە و خاڵی سنووری نەبێت، هەروەها ڕایگەیاند، "یەک هەفتە مۆڵەت لە بەردەم هەموو ئەو شوێن و جێگە و کەسانەی زێدەڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبا هەیە سەرپێچیەکانیان هەڵبگرن، بە پێچەوانەوە بەپێبژاردن سزا دەدرێن".
پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە خراپی دۆخى کارەبای هەولێر و جیاوازى ماوەى پێدانى كارەبای نیشتمانی بە شارەکەمان، تەئکیدمان لە نەهێڵانی ئەو جیاوازییە و پێدانی ماوەى كارەبای نیشتمانی بە شارەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یەکسانی کردۆتەوە و داوامان لە وەزارەتی كارەبا کردووە ڕەچاوی پشکی پارێزگای هەولێر لە پێدانی کارەبا بکرێت".