ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.12.17، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا و قائیمقام و سەرجەم بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و دامەزراوە و دام ودەزگا حکومیەکانى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لە ڕێورەسمێکدا پارێزگاى هەولێر ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانى بەرز ڕاگرت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا دوای هەڵکردنى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان و گوتنى سروودى ئەى ڕەقیب لە لایەن پۆلێک لە قوتابیان و تیپى چالاکى قوتابخانەکانى پەروەردەیی ناوەندى هەولێر، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا پیرۆزبایی لە هەموو کوردستانیان و هاوشارییانی شاری هەولێر کرد بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرى قەڵاى سەرکەشى خۆڕاگیرى و بەرخودان، قەڵاى خۆنەچاماندن و قەڵاى مێژوو و شارستانیەتى مرۆڤایەتى، لە ژێر قەڵاى هەولێر هەموو لایەک بەیەکەوە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان پیرۆز دەکەین، ئەو ئاڵایەى لە 17ـى 12ـى 1945 وەک تروسکاییەک بۆ بەدەستهاتنى مافى خەڵکى کوردستان لە کۆمارى کوردستان لە مهاباد بە خوێنى شەهیدان نەخشێندرا و بوو بە ئاڵاى یەکەمین کۆمارى کوردستان، پێشەواى نەمر وەک يادگارێک و ئەمانەتێک دایە دەستى سەرکردەى ڕوحى و نەتەوەییمان مستەفا بارزانى، کە تا ئەمڕۆش بەگەشى و گەشاوەیی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە".

گوتیشى: "ئەگەر لە ڕابردوو ئاڵاى کوردستان کفنى شەهیدان و ئاڵاى تێکۆشان و بەرخودان و ئازاديخوازان بووبێت، ئەمڕۆ ئاڵایەکى یاسایی هەرێمى کوردستان و ئاڵاى بەیەکەوە ژیانى ئاینى و نەتەوەیى و پێکهاتە جیاوازەکانە و هەمووان لە ژێر سایەى و سێبەرى ئەو ئاڵایەدا دەژین".

جێگەى باسە، پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند و بە بڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاری داوە ڕۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکات و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان ئاڵا نوێ بکرێتەوە و بۆنەی تایبەتی بۆ ساز بکرێت، ساڵانەش لەم ڕۆژەدا وەك ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئەو یادە دەكرێتەوە، چەندان بۆنە و یادكردنەوە و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بەڕێوە دەچێت.