یەكەمین كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بەڕێوە دەچێت
یەكەمین كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بەڕێوە دەچێت
دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ تاووتوێكردنی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ سێشەممە، 14 ی ئایاری 2024، بە سەرۆکایەتی دکتۆر دارا ڕەشید محمود وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری و دەستەی ئامار و دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پارێزگاكانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.
لەکۆبونەوەکە وەزیری پلاندانان بەووردی باسی لە هەنگاوەکانی ئامادەکاری بەرێوەچونی سەرژمێری گشتی کرد بەتایبەت ئەو کۆبونەوە و دیدارانەی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە.
دکتۆر دارا ڕەشید ووتیشی پێداگیری هەرێم بۆ بەرێوەچونی سەرژمێریەکی سەرکەوتوو ئەوەیە ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گشتی دانیشتوانی عێراق و هەرێم بێت بەبێ جیاوازی و هیچ مەرام و مەبەستێکی سیاسی لە دوانەبێت.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکە گفتوگۆلەبارەی میکانیزمەکانی کاری داهاتووی ئەو لێژنەیە کرا کە لەسەر ئاستی باڵا پێکهێندراوە بەتایبەت لە هەماهەنگی و کارئاسانی بۆ دەستەی ئاماری هەرێم.
بڕیار وایە ڕۆژی 20 ی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە.