رێوڕەسمی رێزلێنان لە شاعیر و نووسەری دیاری کوردستان "مەسعوود پەرێشان"
رێوڕەسمی رێزلێنان لە شاعیر و نووسەری دیاری کوردستان "مەسعوود پەرێشان"
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2024.7.6، بە چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و هاوڕێیان و هەڤاڵانی، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، لە بارەگای لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد، رێوڕەسمی رێزلێنان بۆ نووسەر و شاعیری دیاری شاری هەولێر و کوردستان "مەسعود پەرێشان" ساز کرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وێژەیی هەولێر، لەژێر ناونیشانی (تەمەنێك لە داهێنان و نووسین) ئەنجامدرابوو، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕایی پیرۆزبایی، ڕۆڵی مێژوویی و کار و بەرهەمەکانی نووسەر و شاعیری لە نێوەندی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بەرز نرخاند و ئاماژەی بە هزر و قەڵەمی بە بڕشت و جوانی نووسەردا لە بواری شیعردا، کە لەماوەی تەمەنیدا مرۆڤێکی بەکەڵکی شارەکەمان و نیشتیمان بووە و جگە لەوەی وەک پەروەردەکارێک و مامۆستایەک توانیویەتی چەندین بەرهەم و كتێبی ئەدەبی و شیعری پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات، وەک ڕۆژنامەنووسێکیش ڕۆڵی دیار و بەرچاووی هەبووە لە نووسینی ستوون و وتاری فەرهەنگی و هزری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا.
جێگەی باسە، شەعیر و نووسەری دیاری شاری هەولێر "مەسعوود پەرێشان" ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یەكێتی نووسەرانی كورد - لقی هەولێرە و یەكێكە لە شاعیر و نووسەرە ناسراوەكانی كوردستان و خاوەنی چەندین كتێب و بەرهەمی شیعری و نووسینە.