لە هەولێر... به‌ گوژمه‌ى (288) ملیۆن دۆلار، لەلایەن جایکا وەک قۆناغى یەکەم پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان جێبەجێدەکرێت

لە هەولێر... به‌ گوژمه‌ى (288) ملیۆن دۆلار،  لەلایەن جایکا وەک قۆناغى یەکەم پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان جێبەجێدەکرێت

لە هەولێر...
به‌ گوژمه‌ى (288) ملیۆن دۆلار، لەلایەن جایکا وەک قۆناغى یەکەم پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان جێبەجێدەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.7.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی له‌ "سوزوكی هیرۆشی" به‌ڕێوه‌به‌ری نوێى ئاژانسی جایكا له‌ عێراق و شاندێکی یاوه‌ری کرد.

لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەی بوو، پارێزگارى هەولێر پیرۆزبایی لە بەڕێز "سوزوکى" کرد بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەک بەڕێوەبەرى ئاژانسى چایکا لە عێراق، پاشان گفتوگۆ لە بارەى "پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورسى هەولێر" کرا کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیی و گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی ئاوڕۆکانی شاری هەولێر و بە گوژمەى (288 ملیۆن دۆلار) وەک قۆناغى یەکەم لە لایەن ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى جێبەجێدەکرێت و ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆدەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێتەوە بۆ پارك و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمیانە دروست دەكرێنەوە و سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاوڵاتییان و شارى هەولێر بەگشتیى.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر ڕێككەوتنی هەموارکردنەوەى ماستەر پلانى هەولێر بە هەماهەنگى ئاژانسى ناوبراو، کە ئەم پڕۆژەیەش پڕۆژەیەكی فرە ڕەهەندە و چەندین بواری دیزاین و شارسازی، ئابووری و كۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئاو و ئاوەڕۆ، شارەوانی، گەشتوگوزار، خۆڵ و خاشاك و جوانكاری و سێكتەرەكانی گواستنەوە، هاتوچۆ، كشتوكاڵ، ئاودێری، پیشەسازی، كارەبا، تەندروستی و چەندین بواری دیكە لە شاری هەولێر لە خۆ دەگرێت و شارەكە بەرەو پەرەپێدانی زیاتر دەبات، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى ئەوەى بەهۆی ئەو فراوانبوونەی لە شارى هەولێر لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێری بە كارێكی گرنگ و پێویست وەسفکرد، سوپاسی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایكای ژاپۆنیشی كرد كە هەستیان بە گرنگی ئەم كارە كردووە و خستوویانەتە ناو یەكێك لە پێشینەترین كارەكانیان.

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەرى ئاژانسى جایکا لە عێراق، خۆشحاڵی خۆى بەسەردانیکردنى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت دەربڕى و سوپاسى پارێزگارى هەولێری کرد و سەرسامى خۆی بە بەرقەراربوونى ئارامى و ئاسایش و ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەى هەولێرى پایتەخت بەخۆیەوە بینیوە نیشاندا، سەبارەت بە جێبەجێکردنى پڕۆژەى ریسایکلین و هەموارکردنەوەى ماستەر پلانى شارى هەولێریش، ڕۆڵى بەڕێز پارێزگارى هەولێرى بەرز نرخاند و هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى ئاژەنسەکەیان بۆ پارێزگا و پارێزگارى هەولێر دووپاتکردەوە، تاوەکو بە زووترین کات پڕۆژەکان بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و هاوڵاتییان سوود لە ئەنجامەکانى وەربگرن.

لە کۆتایدا، پارێزگارى هەولێر، دووبارە سوپاسی حكومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكای كرد کە لە ماوەى رابردوودا هاوكاری دامودەزگەكانی حکومەتى هەرێمى کوردستان بوونە و ئێستاش بەردەوامن لە هاوكارییەكانیان و هيواى خواست ئەو هەماهەنگى و هاوکارییەى کە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ژاپۆن هەیە زیاتر بەرەوپێش بچێت.