لە هەولێر.. پيشەنگای تایبەتى هونەرمەندی شێوەکار "ئاکۆ غەریب" کرایەوە
لە هەولێر..
پيشەنگای تایبەتى هونەرمەندی شێوەکار "ئاکۆ غەریب" کرایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.7.22، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سالار عوسمان، بەرپرسی مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و ئاریان صلاح الدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و و زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە گەلەرى میدیاى شارى هەولێر، پێشەنگای تایبەتى هونەرمەندی شێوەکارى دیار و بەئەزموون "ئاکۆ غەریب"یان لە ژێرناونیشانى "ئەزموونى نیوسەدە کارى هونەرى، سروشت، مێژوو، پۆرترێتى کەسایەتییەکان" کردەوە.
لە ڕێورەسمی کردنەوەی پیشانگاکە کە هەریەک لە بەڕیوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار و کونسڵی وڵاتانی ئیتاڵیا و کەنەدا و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانی ئیداری و هونەرمەندان و هونەردۆستان ئامادەی بوون، دواى بەسەرکردنەوەى تابلۆکان کە گوزارشت بوون لە سروشتی کوردستان، دەستخۆشیان لە هونەرمەند کرد و هیواى سەرکەوتنیان بۆی خواست.
جێگەى باسە، هونەرمەند ساڵی 1962 لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و دەرچووى پەیمانگاى هونەرجوانەکانى سلێمانی بەشی شێوەکاری ساڵی 1985، تاکو ئێستا چەندین پیشانگاى لە "ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، زاخۆ، سەقز، شنۆ، نەغەدە، نەمسا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، قاھیرە، بەلجیکا، ھۆلەند، تاران" کردۆتەوە.