پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا، سەردانى شوێنى مانەوەى زیارەتکارانیان کرد
پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا، سەردانى شوێنى مانەوەى زیارەتکارانیان کرد
ئەمشەو یەکشەممە 2025.7.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ)، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکانى شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی "ئیمام حوسێن" و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، سەردانى پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتیان کرد، کە تەرخان کراوە بۆ شوێنى مانەوەى زیارەتکاران.
لە سەردانەکەیاندا، کە هەریەک لە فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ئێران و کەمال حسێن پوور، پەرلەمانتاری پیرانشار و مسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دلێر محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەرپرسانی دیکەی شاندى میوان یاوەریان بوون، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بە دواداچوونیان لە بارەى ئامادەکارییەکانى شوێنى مانەوەى زیارەتکاران و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارو بارەکان و ئامادەباشى تیمەکان کرد، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و شاندى میوان، سوپاسى پارێزگارى هەولێر و لیژنەى باڵای پێشوازیی و دەزگاى خێرخوازى بارزانی، یان کرد، بۆ هەموو ئەو ئامادەکارییانە و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان بە باشترین و چاکترین شێوە.
جێگەى باسە، چەند ڕۆژێکى تر بە فەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی "ئیمام حوسێن" و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بە چەند قۆناغێک دەست پێدەکات، لە هەولێری پایتەختیش بە باشترین شێوە هەموو ئامادەباشیەک کراوە بۆ خزمەتکردنى زیارەتکاران، وەک ئەوەى لە ماڵی خۆیان و لە نێو کەس و کاری خۆیاندابن.