گوندی حاجی کالۆ... ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی

گوندی حاجی کالۆ... ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی

گوندی حاجی کالۆ...
ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی

ئەمرۆ چوارشەممە 2026.9.23، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گوند و ناوچە جیاجیاکان، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزایی پیرمام، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی ئیداری و حزبی و کەسایەتییەکانی ناوچەکە لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی ئامادەییان لە گوندی حاجی کالۆی سەر بە ناحیەی بەستۆڕە لە سنووری قەزای پیرمام دانا.

ئەم قوتابخانە نوێیە کە لەلایەن خێرخوازێکەوە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروردە جێبەجێ دەکرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی لۆد لەسەر قوتابخانەکانی ناوچەکە و دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری خوێندن بۆ منداڵانی گوندەکە و دەوروبەری.

لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە بەشێکە لە ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ژێرخانی پەروەردەیی لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان، هەروەها سوپاسی هاوکاری و ڕۆڵی کارای دەزگای خێرخوازیی بارزانیـی کرد لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.

پارێزگاری هەولێر، ستایشی ڕۆڵی خێرخوازان و سەرمایەداران و نیشتمانپەروەرانیشی کرد کە هەماهەنگ و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، و سوپاسی ئەو خێرخوازەشی کرد کە ئەرکی دروستکردن و بنیاتنانی ئەم قوتابخانە نوێیەیان گرتۆتە ئەستۆ، کە خزمەتێکی گەورە بە نەوەکانی دواڕۆژ دەکات.