پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەکۆمسیاری مافەکانی مرۆڤ و کاروباری پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات
پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەکۆمسیاری مافەکانی مرۆڤ و کاروباری پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2026.10.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە د. ماجد ڕەکبی، کۆمسیاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاروباری پەنابەران ( IOHR ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی، پاشان شاندی میوان تیشکیان خستەسەر چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری جیاجیا و ئەنجامدانی هەڵمەتی مرۆیی بەرفراوان بە ئامانجی هاوکاریکردنی منداڵانی نەخۆش و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، پارێزگاری هەولێر پاڵپشتی تەواوی خۆی و سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومییەکانی سنووری پارێزگاکەی دەربڕی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە و دەستپێشخەرییە مرۆییانە، و دڵنیایی دا کە بە هەموو شێوازێک هاوکار و هەماهەنگ دەبن لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆیان.
لای خۆیەوە، کۆمسیاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاروباری پەنابەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سوپاس و پێزانینی خۆی و ڕێکخراوەکەی بۆ ڕۆڵی مرۆیی و مێژوویی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە هەمیشە وەک پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ لێقوماوان و پەنابەران، و ئامادەیی ڕێکخراوەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری کار و پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی و بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان کردەوە لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ و کاروبارە مرۆییەكان لە ناوچەکەدا.