لەسەر قەڵای هەولێر... ڕێورەسمێکی تایبەت بە شاندێکی شوێنەواریی فەرەنسی بەڕێوەچوو
لەسەر قەڵای هەولێر...
ڕێورەسمێکی تایبەت بە شاندێکی شوێنەواریی فەرەنسی بەڕێوەچوو
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.10.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەشداریی لە ڕێورەسمێکی تایبەت کرد کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لەسەر قەڵای هەولێر و لە تەلاری پەیمانگای فەرەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک (IFPO) ڕێکخرابوو، بەبۆنەی ئامادەبوونی شاندێکی شوێنەواریی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان.
لە ڕێورەسمەکەدا، کۆنفرانسێکی زانستیی تایبەت لەلایەن تیمی شوێنەواریی فەرەنسی بە سەرۆکایەتی خاتوو ماریا گرازیا سازکرا و تێیدا دواین دۆزینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی تیمی فەرەنسی لەسەر پێگەی شوێنەواریی گرنگی "قەسری شەمامۆک" خرانەڕوو، کە یەکێکە لە شوێنەوارە دەوڵەمەند و مێژووییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و تیشک خرایە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە بواری دۆزینەوە و پاراستنی کەلەپووری نیشتمانیدا.
ڕێورەسمەکە لەلایەن ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، دپلۆماتکاران، و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری شوێنەوار و ڕۆشنبیری ئامادەی بوون.