ڕاگەیاندنى ژمارەى بانکى بۆ هاوکارى لێقەوماو و زیانلێکەوتووان
بەداخەوە لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە هۆى هاتنی شەپۆلێکى بەخورى باران لافاو لەچەند گوند و ناوچەیەکی سنوورى پارێزگاى هەولێر دروست بوو و لەئەنجامدا جگە لە زیانى مادیى زیانى گیانیشى لێکەوتەوە. وێڕاى پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانى ئەم کارەساتە سروشتیە، داوا لە خودای گەورە دەکەین گیانی قوربانیان بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی و بە بەهەشتى بەرینیان شاد بکات.
لێرەشەوە دڵنیایی دەدەینە سەرجەم هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان، هەموو هەوڵ و توانایەکى خۆمان خستۆتە گەڕ و تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگرى شارسانى و تەندروستى و شارەوانیەکان و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) له ئامادەباشى و كارکردن و بهدواداچوونی بەردەوامدان بۆ پێشهاتهكان و هەرچى پێویست بێت بۆ زیانلێکەوتووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئهنجامى دهدهین.
دووپاتى دەکەینەوە بەداخەوەى ئەوەى کە ڕوویداوە لەشارەکەمان کارەساتێکى سروشتیى بەدەر لەتوانى مرۆڤ بووە و پێویست بەوە ناکات هیچ کەس و لایەنێک ئەو ڕووداوە کارەستبارەى بەسەر هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەماندا هاتووە بیقۆزێتەوە و بە سیاسى بکات، هەرکەس و لایەنێک و گروپ و خێرخوازێک دەیەوێت دەستى یارمەتى بۆ قوربانیان و لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان درێژبکات، دەتوانێت لەڕێگەى ژمارە حسابی (508) بانکى منارە هاوکارى و کۆمەک و یارمەتییەکانیان بگەێنن.
سوپاس و دەستخۆشى بۆ سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کە هەر لەسەرتایی ڕووداوەکەدا لەگەڵمان بوون و دەستى هاوکارى و یارمەتیان بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووان درێژکرد، نموونەیان زۆربێت.
نووسینگەى پارێزگارى هەولێر
2021.12.17