له هه‌ولێر مەراسیمی یادو وەفا بۆ نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كورد عه‌بدولكه‌ریم شێخانى ساز کرا
له هه‌ولێر مەراسیمی یادو وەفا بۆ نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كورد عه‌بدولكه‌ریم شێخانى ساز کرا
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21-9-2023، به ئاماده‌بوونی زەعیم عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ( پ د ك ) و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێرو بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی دووی پارتی و ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و ژماره‌یه‌كی زۆر له نووسه‌رو رۆشنبیران و کەس و کاری خوالێخۆشبوو له هۆڵی پێشه‌وا له‌ژێر ناوی یاد و وه‌فا ، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، مه‌راسیمێکی بۆ نووسه‌ر و وه‌رگێری كورد "عه‌بدولكه‌ریم شێخانی" سازكرد..
لە وتەیەکیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کەوا مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی ناوێکی دیاری دنیای وێژەو نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و زمان‌زان بووە و خزمەتێکی زۆری بە وشەی رەسەنی کوردی کردووە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەبەرەو پێشبردنی رەوتی ئەدەبی و رۆشنبیری و کو‌لتووریی…
هەروەها لە مەیدانی کوردپەروەریدا مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست بووە، هەر ئەمەشە وای کردووە کە کۆچی یەکجارەکی مامۆستا هێندە کاریگەر بێت …
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شێخانی، نووسه‌ر و وه‌رگێڕی دیاری كورد، له ته‌مه‌نی 90 ساڵی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له 12ـی ئاب له شاری هه‌ولێر كۆچی دواییكرد.
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شێخانی له ساڵی 1933 له شاری كۆیه له دایك بووه قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له كۆیه ته‌واو كردووه ساڵی 1952 – 1953 بۆ ته‌واو كردنی خوێندنی قۆناغی ئاماده‌یی هاتۆته هه‌ولێر...
ساڵی 1953 – 1954 بۆ ته‌واو كردنی خوولی په‌روه‌رده‌یی چووه‌ته به‌غدا.
یه‌كه‌م دامه‌زراندنی وه‌ك مامۆستا له گوندێكی گه‌رمیان بووه ساڵی 1962 له هه‌ولێر گیراوه و نزیكه‌ی دوو ساڵ له به‌ندیخانه بووه هه‌ر له منداڵییه‌وه حه‌زی له خوێندنه‌وه بووه و به (گۆڤاری گه‌لاوێژ) ده‌ستی پێكردووه به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌نووسێت وه‌رگێڕانی له كوردییه‌وه بۆ عه‌ره‌بی و به پێچه‌وانه‌وه‌ش ده‌كات هه‌ندێكجار بۆ فارسی.
دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 به‌شداریه‌كی كارای له وه‌رگێڕانی كتێبه‌كانی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كاندا كردووه نووسینی هه‌مه جۆری له زۆربه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه كوردییه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه وه‌ك چێڕۆك و بابه‌تی (زمان – سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تی – ڕۆشنبیری) ڕۆمانه‌كه‌ی نیكۆس كازانتزاكی (الأخوه الأعدا‌و) ی كردووه به كوردی و به‌ناوی (برا كوژی) بڵاوی كردۆته‌وه.