سەدان تۆن هاوکاریی و بڕی 600 ملیۆن دینار لە دهۆکەوە گەیشت بۆ لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021.12.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە د. عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و شاندێکى یاوەرى کرد.
لەدیدارەکەدا، پارێزگارى دهۆک ئاماژەى بەوەدا لە دواى تەواوبوونى کەمپینى ''هەولێر بە تەنها نییە''ى پارێزگاى دهۆک، ئەمڕۆ هاتووین تەواوى ئەو هاوکاریی و کۆمەکانەى پارێزگاکەمان بگەێنین بە لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى پارێزگارى دهۆک و شاندى یاوەرى سوپاسى ئەو هەڵوێستەى پارێزگاى دهۆکى کرد و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هەڵوێستەى دهۆک بۆ ئێمە تازە نییە و یەکەم هەڵوێست و دوا هەڵوێستیش نابێت، هاوکارییەکانتان بۆ لێقەوماوان گرنگیی خۆی هەیە و پەیامێکى گەورەى نیشتمانى و مرۆییە و مایەى شانازییە.
پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا وێڕاى ڕادەستکردنى کۆمەک و هاوکاریەکانى پارێزگاى دهۆک لەلایەن پارێزگارى دهۆک بە پارێزگارى هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لە17ى ئەم مانگەی بەسەر هەولێر هات، هەر لەیەکەم ساتەوە پارێزگاى دهۆک کەمپینێکى راگەیەند بە ناونیشانى ''هەولێر بەتەنها نییە'' و ئەو هاوکارییەى ئەوان بۆ هەولێر و لێقەومان پشتیوانییەیەکى گەورە بۆمان". وتیشی: "هاوکارییەکانى هەموو لایەنە جیاوازەکان بۆ لێقەوماوان گرنگیی خۆی هەیە هەموو ئەو کۆمەک و یارمەتیانەش بۆ هەولێر پەیامێکى گەورەى نیشتمانى و مرۆییە و مایەى شانازییە".
پارێزگارى هەولێر سوپاسى پارێزگار و پارێزگاى دهۆکى کرد کە هەر لەگەڵ روودانى کارەساتەکەى هەولێر هەموو پڕۆژەکان لە پارێزگاى دهۆک وەستێنران و تەواوى ئامێر و کەرەستەکان گەیاندرایە هەولێر کە ئێستا شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەى شوێنەوارى زیانەکان لاببەن.
لەلایەن خۆیەوە د.عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هەولێر هى هەموو خەڵکى کوردستانە و جێگاى ئارامییە، بۆیە کاتێک تووشی ئەو کارەساتە هات ئێمە کەمپینى ''هەولێر بەتەنها نییە''مان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەى کە لە ماوەى رابردوودا خەڵکى هەولێر هاوکار و پشتیوانى هەموو کوردستان بووە، بەتایبەتى بۆ ناوچەى بادینان هەر لە سەردەمى رژێمى سەددامەوە و دواتریش لە کارەسات و رووداوەکاندا خەڵک و سەرمایەدارانى هەولێر هاوکارییان کردووین.
وتیشی: ئەم کارەى ئێمە وەڵامدانەوەى چاکەى هەولێرە بەرامبەر خەڵکى کوردستان، بۆیە ئێستا ئێمەش لەو هەنگاوەدا هەرچییەکمان کردووە، ئەرک بووە، هەر لە رۆژى یەکەم 218 ئامێری شۆڤل و حەفارە و ئامێری گران گەیشتوونەتە هەولێر بۆ کارکردن. ئەمڕۆش پێنج بارهەڵگرى گەوە لە کەرەستەى پێویست گەیشتوونەتە لێقەوماوان و بڕی 600 ملیۆن دیناریش لە هاوکارییە ماددییەکانى سەرمایەداران و خەڵکى پارێزگاى دهۆک دەخرێتە سەر ژمارەى بانکیى بەهاناوەچوونى لێقەوماوانى لافاوەکە.