ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار سەردانى هەولێریان کردووە

ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار سەردانى هەولێریان کردووە



ژمارەى هاتنی گەشتیار بۆ پارێزگای هەولێر و شوێنە گەشتیارەكانی، لە تەواوی هەردوو ساڵانی پێش خۆی پێكەوە زیاترە و چاوەڕێش دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا هێشتا ڕێژەكە بەرز ببێتەوە.

ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 23ی ئەم مانگە، ژمارەی گەشتیاران گەیشتووەتە ملیۆنێک و 971 هەزار و 522 گەشتیار و چاوەڕێ دەكەین بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە، دوو ملیۆنیش تێپەڕێنێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو ئامارە لە ڕێگەی بازگە سنوورەییەكانی پایتەخت و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە شێوەیەكی ورد و زانستی تۆمار دەكرێن.

جێی ئاماژەیە، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، ڕێژەی گەشتیار لە تەواوی هەردوو ساڵانی 2019 و 2020 گەیشتە یەک ملیۆن و 860 هەزار و 236 گەشتیار، بەڵام لە ساڵی 2021 كە پەتاكە هێواشتر بوو و جارێكی دیكە ژیان بەرەو ئاسایی ڕۆیشتەوە، بە شێوەیەكی بەرچاو ژمارەی گەشتیارانیش زیادی كرد.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو: لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بۆ بایەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتیاری و پلانەكانی ئێمە بۆ گەشتیارانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دامانناوە، چاوەڕێ دەكەین لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران زیاتریش هەڵبكشێت.