بڕی 2 ملیار و 190 ملیۆن دینار، بۆ هاوکاریی و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر، لەلایەن دهستهی وهبهرهێنان ڕادهستی پارێزگاری ههولێر كرا
پێش نیوڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021.12.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە د. محهمهد شوكری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد، کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لهگهڵ یەکێتی وەبەرهێنەران، لەسنووری پارێزگای هەولێر کەمپینێکیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی 17ی 12ی هەولێر ڕاگەیاند و ئەمڕۆش لەکۆتایی کەمپینەکەیاندا بڕی 2 ملیارو 190 ملیۆن دیناریان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری پارێزگای هەولێر ڕادهستی پارێزگاری ههولێر کرد.
لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگار هەولێر ، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند: "هاوکاریکردنی لێقەواماوانی لافاوەکەی هەولێر ئەرکی هەمووانە و پێویستە لە رووداوی لەو شێوەیەدا شانبەشانی حکومەت بەهانای هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان بچین".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای رووداوەکەدا بڕیاریاندا، کەمپەینێکی هاوکاری رابگەیەنن، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم وەبەرهێنەران لەسەر هێڵ بوونە، دواتر خۆشبەخانە بە هەوڵی هەموولایەنهكان، توانرا بڕی 2 ملیارو 190 ملیۆن دینار کۆبکرێتەوە و راستەوخۆش رادەستی پارێزگای هەولێر کراوە. ئاشكراشیكرد، وەبەرهێنەران بە بەردوام گوژمهی هاوکارییەکانیان دەنێرن.
لەلایەن خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: "بەناوی پارێزگای هەولێر و خەڵکی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی 17ی مانگ، زۆر سوپاسی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەران و یەکێتی وەبەرهێنران و تەواوی وەبەرهێنەران دەکەین بۆ ئەو هاوکاری و کەمپینەی لەسنووری پارێزگای هەولێر ڕایانگەیاند بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان".
پارێزگاری هەولێر هەروها لەبارەی ئەو بڕە هاوکارییەی گەیشتووە وتی: "بڕی شەش ملیار دینار خراوەتە سەر ئەو ئەژمارە بانکییەی کە راگەیێندراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو. ئەو بڕە یارمەتییەش کە حکومەتی عێراق ناردوویەتی وەرمان نەگرتووە، چونکە ئەو یارمەتییە لەئاست ئەو زیانانەدا نییە و هیوادارین حکومەتی عێراق بڕی یارمەتییەکان زیاد بکات".
ڕاشیگەیاند: "بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووان 3276 فۆڕم لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ زیانلێکەوتووان پڕکراوەتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکەی پارێزگای هەولێر زیانی لافاوەکەی هەولێر زیاتر لە 21 ملیار دینار بووە؛ هەروەها 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە تەرمی دوو کەسیان هێشتا نەدۆزراونەتەوە".