بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، ڕێکخراوى چاووى زانکۆ دیدارى زانکۆى بۆ ساڵى 2022 ئەنجامدا
سەرلەبەیانى رۆژی شەممە 2022.2.26، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەک دیکە لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایانى زانکۆ و پسپۆران، ڕێکخراوى چاووى زانکۆ CZO بە پاڵپشتى سندوقى نیشتیمانى ئەمریکى بۆ دیموکراسى NEO لەچوارچێوەى پرۆگرامى بەهێزکردن و هاندانى پابەندبوون بە سەروەرى یاسا لەناو دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، دیدارى زانکۆى بۆ ساڵى 2022 ئەنجامدا.
پارێزگارى هەولێر لەوتارێکدا سەبارەت بە کاریگەری زانکۆکان لەسەر پێشکەوتنی شار وێراى ئەوەى دەست خۆشى لەڕێکخراوى ناوبرا و سەرپەرشتیارى دیدارەکە کرد بۆ ئەنجدامدانى ئەو چالاکییە، ڕایگەیاند: "ئەگەر سەیر بکەین بەر لەڕاپەرین ئیمە تەنها خاوەنى یەک زانکۆ و چەند پەیمانگایەک بووین، بەڵام ئێستا لە هەرێمى کوردستان 49 زانکۆ و پەیمانگا هەیە کە هەریەکێک لەوانە ڕۆڵى ئەرێنى و پێشخستنیان گێڕاوە و کاریگەریان خۆیان هەبووە، لەهەولێرى پایتەختیش کە 7 زانکۆ حکومى و 10 زانکۆى ئەهلى هەیە ئەوەش ئەگەر وەکو ڕێژە وەری بگرین، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنى شار و کۆمەڵگا بەخۆیەوە بینیووە زانکۆکان ڕۆڵ و کاریگەرى خۆیان هەبووە".
پارێزگارى هەوروەها سەبارەت بە ڕۆڵى دەرچووانى پەیمانگاکان و ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆیان لە پێشخستنى کۆمەلگا و شاردا وتى: "گرنگیدان بە کادیرانى ناوەند لە دەرچووان، یەکێکە لەو کارەکانى کە پێویست دەکات لەچوارچێوەی بڕیار و یاساکانى پەرلەمان و وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێکبخرێت، لە ئیستادا ئەوەى کە ئێمە هەستى پێدەکەین لە ئەنجامدانى پڕۆژەیەک چەند بۆشایەکى گەورەمان هەیە لە نەبوونى کادیرى ناوەند، بۆیە پێویستە بۆ ئەم پرسە لەڕووى یاسایی و کرداییەوە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنى باشتر بکرێت بۆئەوەى دەرفەتى باشتر بۆ کادیرانى ناوەند بڕخسێندریت".