پارێزگاری هەولێر، کێشەی ئەو ئافرەتە بەتەمەنەی چارەسەرکرد کەخانووەکەی لێسەندرابوو
دوا بە دواى ئەوەى ئافرەتێکى بەتەمەن خانووەکەی کە نزیکەی 28 ساڵ پێش ئێستا کڕیویەتى و ئێستا کەسێک لە دادگە سکاڵای تۆمارکردووە و سەلماندویەتى کە پێشتر زەوییەکە هی ئەو بووە و بە نووسراوی ساختە چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن مامیەوە فرۆشراوە، بەبڕیارى دادگە خانووەکەى لێسەندرا، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 2022.2.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە هەردوولایەن (نەرمین محەمەد عومەر) ئەو ئافرەتە بەتەمەنەى لەخانووەکەى دەرکراوە و (باسل گۆرگیس حەنا) خاوەنی بنەرەتیی زەویەکە کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگاى هەولێر ئامادەی بوون، گفتووگۆ لەبارەى کێشەى ئەو زەویە کرا کە خانووەکەى لەسەر دروستکراوە و چەندین ساڵ پێش ئێستا بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکەی فرۆشراوە و تاوەکو ئێستا چوار جار کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە، پارێزگارى هەولێر لەگەڵ خاوەنی زەوییەکە قسەی کردووە و بڕیاریدا ئافرەتەکە بگەڕێتەوە ناو خانووەکەی خۆی و مافى خاوەن زەویەکەش لەلایەن بەشى یاسایی پارێزگاى هەولێرەوە بەدواداچوونى بۆ بکرێت و هەموو مافێکى بۆ بگەڕێندرتەوە، ئەو کەسەشى کە دەستى لەوەکارەدا هەبووە و بە نووسراوی ساختە ئەو زەویە فرۆشتووە ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.
لەلایەن خۆیەوە نەرمین محەمەد عومەر، زۆر سوپاسی پارێزگارى هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەپبەدەنگەوەهاتنی وچارەسەرکردنى کێشەکەى و گەڕاندنەوەى بۆ نێو خانووەکەى. هەروەها باسل گۆرگیس حەنا خاوەنی بنەرەتیی زەویەکەش وێڕاى ئەوەى سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد گوتى: ئێمە کە کریستیان، هەولێر بە ماڵی خۆمان دەزانین، هەمیشە هەولێر بە ئارامی و پارێزراوی و پێشکەوتوویی بمێنێتەوە. گوتیشى: هەرگیز ئەوە قەبوڵناکەم و رێگە بەخۆم نادەم بەهۆی منەوە ئەوە ئافرەتە بەتەمەن کە وەک خوشکی منە بکەوێتە سەر شەقام وبێ خانوو بمێنێتەوە، من بۆ خۆم دەرگای خانووەکەی بۆ دەکەمەوە و دەیبەمەوە ماڵەکەی خۆی.