لەهەولێر فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەست پێ دەكات
ئەمرۆ یەکشەممە 2022.2.27، بەشەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى (12) هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز و بەرز ڕاگرتنى یادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر لە ڕاپەڕین، لەدیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارک و باخچەکان و ژمارەیەکى دیکە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى ئامادەکارییەکان کرا بۆ ئەنجامدانى (12) هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا جگە لە لیژنەى باڵاى فیستیڤاڵ، چەند لیژنەیەکى دیکە دیاریبکرێن بۆ بەرێوەبردنى ڕۆژانى فیستیڤاڵ.
بڕیارە لەڕۆژى هەینى11ی ئادارى ئەم ساڵ بۆ بەرز ڕاگرتنى یادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر لە ڕاپەڕین، (12) هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز کە لەلایەن پارێزگاى هەولێر سەرپەرشتى دەکرێت دەست بەکار و چالاکییەکانى بکات و تا ئێوارەی نەورۆز بەردەوام بێت و زۆرترین چالاكی جۆراوجۆر لە چوارچێوە فیستیڤاڵ لە چەندان شوێن، وەک قەڵاى هەولێر و پاركی شانەدەر و چەندان شوێنی تر پێشکەش بکرێت.
جێگەى باسە، لە11ی ئاداری ساڵى 1975 سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانی نەمر، توانى بەغدا ناچار بكات دان بە ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری كوردستان بنێ و ڕێككەوتنامەى 11ی ئادار ڕابگەێنرێ، ئەمەش یەكەمجار بوو کە دوژمن بە فەرمی و لە ڕێككەوتنێكدا ددان بە بەشێك لە مافەكانی گەلى كوردستان بنێت، هاوكات لە 11ی ئاداری ساڵی 1991 جەماوەری شاری هەولێر بە پشتیوانی و بەشداری بەرەی كوردستانی هاتنە سەر شەقامەكان و ڕاپەڕینیان دژی ڕژێمی بەعس بەرپا كرد و شارەكە بە تەواوی لە سەربازانی عێراق و بەعس پاك كرایەوە.