لەژێرچاودێریی رێزدار مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕاكێشانی 8 فیدەری كارەبای وێستگەی شەقڵاوە بەگوژمەی (سێ ملیار و پێنج سەد و هەشتاو سێ ملیۆن دینار) کرایەوە

لەژێرچاودێریی رێزدار مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕاكێشانی 8 فیدەری كارەبای وێستگەی شەقڵاوە بەگوژمەی (سێ ملیار و پێنج سەد و هەشتاو سێ ملیۆن دینار) کرایەوە

پارێزگارى هەولێر: "لەئایندەدا پڕۆژەى دیکە گرنگ لەسنوورى پارێزگاکەمان پێشکەش دەکرێت"
لە ژێر چاودێریی رێزدار( مەسروربارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیوەڕۆى رۆژی سێشەممە 2022.3.1، بە ئامادەبوونی کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسى لقى24ى سەفینى پارتى دیموکراتى کوردستان و بریکارى وەزارەتى کارەبا و ئیبراهیم شێخەڵڵا، قائمقامى قه‌زایى شەقڵاوە و حوسین حه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى دابه‌شكردنى كاره‌باى هه‌ولێر و کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەرى ناحییەى هەریر و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ به‌رپرسان و ئه‌ندازیار و میوانان، لەڕێوره‌سمێكدا پرۆژەی دەرهێنانی 8 فیدەر لە وێستگەی 11/33/132 کەی ڤیی رۆساک بۆ وێستگەی 33 کەی ڤیی شەقڵاوە بەگوژمەی (3.583.531.000) سێ ملیار و پێنج سەد و هەشتاو سێ ملیۆن و پێنج سەد و سی و یەک دینار کرایەوە.
پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا لەبارەى گرنگى وێستگەکە و نەهێشتنى بارگرانى لەسەر کارەبا و باشترکردنى لەناوچەکە خۆشحاڵى خۆى بەکردنەوەى وێستگەکە نیشاندا و زەرورەتى هەبوونى وێستگەیەکى لەم چەشنەى لەناوچەیەکى گەشتیارى وەکو شەقڵاوەش بە گرنگ وەسفکرد و وێڕاى پیرۆزبایی لە خەڵک و دانیشتوانى سنوورى قەزایی شەقڵاوە ڕایگه‌یاند: "به‌ته‌ئكید كردنه‌وه‌ى ئەم وێستگەیە خزمه‌تێكى گه‌وره‌ پیشكه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ڕه‌ك و ناوچانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوورى وێستگه‌كه‌ و چاره‌سه‌رى ئه‌و بارزۆریشه‌ ده‌كات كه‌ له‌و سنووره‌دا له‌سه‌ر تۆڕه‌كانى كاره‌باى نیشتیمانى هه‌بووه‌. پارێزگارى هەولێر گوتیشى: " سوپاس و ستایش بۆ جه‌نابى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌تى كاره‌با و به‌ڕێز وه‌زیرى كاره‌با كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ى زۆر گرنگیان له‌سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر پێشكه‌شكردووه‌، دڵنییایی به‌ خه‌ڵكى سنوورى پارێزگه‌كه‌مان ده‌ده‌ین لەئایندەدا پڕۆژەى دیکە گرنگ لەسنوورى پارێزگاکەمان پێشکەش دەکرێت".
هەروەها ڕایگەیاند: "ئەگەرچى لەساڵى ڕابردوودا بەهۆى قەیرانى دارایی بە رێژەیەکى کەم دەستمان بە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر کرد، بەڵام بۆ ئەم ساڵ لەپڕۆژەکانى پەرەپیدانى پارێزگا و لە پلان و بەرنامەکانماندا پڕۆژەکان سێ بەرابەرى ساڵى ڕابردوو دەبێت و له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان به‌رده‌وام ده‌بین له‌گەیاندنى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان، ویستى ئێمه‌ وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر زۆره‌ له‌وه‌ زیاتره‌، چونكه‌ هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاكه‌مان شایه‌ن و شایسته‌ى ئه‌وه‌ن خزمه‌تى زیاتر و باشتریان پێشكه‌ش بكرێت".