بەئامادەبوونى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر، ڕادیۆی دەنگى یەکسانی بۆ خزمەتكردنی خێزان و ئافرەتان کرایەوە

بەئامادەبوونى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر، ڕادیۆی دەنگى یەکسانی بۆ خزمەتكردنی خێزان و ئافرەتان کرایەوە

رۆژی سێشەممە 2022.3.8، بەبۆنەى 8ى مارس ڕۆژى جیهانی ئافرەتان، بەئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کونسڵى گشتى ئەمریکا لەهەولێر، لەڕێوڕەسمێکدا لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ڕادیۆی (دەنگی یەکسانی) بۆ خزمەتكردنی خێزان و ئافرەتان کرایەوە
لەوبارەیەشەوە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەم، هەروەها یونیسێف کە هاوکارێکی سەرەکیی ئێمەن لە ئەم پرۆژانە و سوپاسێکی بێپایانیش ئاراستەی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین کە هەمیشە بۆ پشتگیریکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕیزی پێشەوە بوون، لەگەڵ یوئێن و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هەموو ئەو دامەزراوانەی کە گرنگی بە مافی ئافرەت و یەکسانی و منداڵ دەدەن و هیوادارین کە بەردەوام بن''.
وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە کردنەوەی ''دەنگی یەکسانی'' ڕایگەیاند، ئەم کارە، کارێکی هاوبەشە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوئێن و لەگەڵ دۆستانمان درێژەی پێ دەدەین و گوتیشی: ''ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕیمان بەو شتانە هەیە کە دەیڵێن و جێبەجێی دەکەین و تەنها بۆ موجامەلە و بۆ ڕاگەیاندن باسی ئەم بابەتانە ناکەین، ئێمە باوەڕیمان بە مافی ئافرەت و بە یەکسانی هەیە و ئەم کابینەیە پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیامانە و گەیشتن بە ترۆپکی ئەم خەباتە بۆ ئەوەی ئافرەتان لە کوردستان بە کردەوە هەست بە یەکسانی بکەن و هەست بە پارێزگاری بکەن و هەستیش بکەن کە کاریگەرییان هەیە لەسەر ئیدارەکردنی وڵات و بەشدارن لە بڕیارە سیاسییەکاندا''.
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتدا ڕێبەر ئەحمەد گوتی: ''ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم بابەتەدا زۆر گرنگ و سەرەکییە و لێرەدا سوپاسی ئەو کەناڵانە دەکەم کە گرنگی بە مافی ئافرەت دەدەن و هەوڵ دەدەن دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت و منداڵ و خێزان بنبڕ بکرێت''. گوتیشی: ''بەداخەوە هەندێک جار لە هەندێک ڕاگەیاندندا دەبینم زۆر بە ناپرۆفیشناڵانە کار لەسەر توندوتیژی دەکەن و جۆرێک لە هاندانی تێدایە بۆ ئەوەی خەڵکێک توندوتیژی بکات، ڕاگەیاندن بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، ئێمە لە وڵاتێک دەژین کە باوەڕێمان بە ئازادی هەیە، ئێمە خەباتمان کردووە و خوێنمان ڕشتووە تاکوو گەیشتووینەتە ئەم ڕۆژە و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ هەمانە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ماندووبوون و ئاوارەیی و دەربەدەری و نەهامەتیی ئافرەت و پیاوی کوردستانە، بۆیە قەناعەتمان وایە کە دەبێ ئافرەت ئازاد بێت، بەڵام ئازادی نابێ بە شێوەیەک بێت کە توندوتیژیی لێ بکەوێتەوە، زۆر جار لە سۆشیالمیدیا و لە ڕاگەیاندن بۆ پیاوان و ئافرەتانیش هاندانی تێدایە''.