هەرێمی كوردستان بەشداری لە یەكەمین پیشانگای گەشت و گوزاری میزۆپۆتامیا كرد لە دیار بەكر
24/3/2022 شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەشداری لە یەكەمین پیشانگای گەشت و گوزار و چێشت لێنانی میزۆپۆتامیا كرد كە لە دیار بەكر لە توركیا بەڕێوە چوو.
لەم پیشانگایەدا كە هەریەك لە ئیسماعیل مینە خان بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری هەولێر و د.خەیری وسو بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری هەولێر و دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی ژوورەكانی بازرگانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و ژمارەیەكی زۆری خاوەن كار و بزنسمانی هەرێم ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لە وتەیەك دا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە خەڵكی دیار بەكر و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لێكردن و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا .
ئاماژەی بەوەش كرد گەشت وگوزار وەك یەكێك لە كایە گرنگەكانی ئابووری لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی لێ كراوەتەوە.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە كە زۆر گرنگە لەڕێگەی گەشت و گوزارەوە هەرێمی كوردستان ببێتە پردێك بۆ بەیەك گەیاندنی گەل و نەتەوەكانی ناوچەكە لە بارودۆخێك دا كە چەندین قەیرانی گەورە دەستی بەسەر جیهان دا گرتووە و ئەنجامدانی ئەم پیشانگایەی بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا و بەڵێنی دا و بەهەموو توانایەكەوە پاڵپشتی ئەم پیشانگایە بكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد هەولێر ئەمڕۆ بۆتە دەروازەیەك بۆ هەرێمی كوردستان و عیڕاق و ناوچەكە دووپاتیشی كردەوە ئەمڕۆ هەولێر لە پێگەیەكی گرنگ دایە ، لە هەولێرەوە ئەمڕۆ گەورەترین و گرنگترین كۆمپانیای بەناوبانگ بەوپەڕی ئازادیەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و هەزاران پڕۆژەی گەورەش ئەنجام دراون و هێشتاش پڕۆژەی دیكە بەڕێوەن سەرەڕای هەموو قەیرانەكان خۆشحاڵی خۆیشی بەوە نیشان دا كە بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای توركین.
هەر لە وتەكەی دا پارێزگار والیی دیار بەكر و بەرپرسانی توركیای داوەتی یەكەمین پیشانگای گەشت وگوزاری دوقی سەردەمی كۆڕۆنا كرد كە بڕیارە لە 4 ی نیسانی 2022 لە هەولێر بەڕێوە بچێت داواشی لە والیی دیار بەكر كرد ڕێگەی ڕاستەوخۆی ئاسمانی نێوان هەولێر و دیار بەكر بكرێتەوە كە دەبێتە مایەی سوودی هەردوو لا.
داواشی كرد وەبەرهێنەرانی توركیا سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان وەربگرن لە هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بەڵێنشی دا ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكرێت.
ئەم پیشانگایە لەلایەن پارێزگا و سەرۆكایەتی شارەوانی دیار بەكر بە بەشداری چەندین وڵاتی ناوچەكە ڕێكخراوە وبڕیارە شاندی هەرێم چەندین دیدار و كۆبوونهوهی فەرمی ئەنجام بدات ئەمە جگە لە نیشاندانی پێشكەوتنەكانی كەرتی گەشتیاری لە هەولێر وشار و شارۆچكەكانی هەرێم و تیشك خستنەسەر باری ئارام و سەقامگیری كوردستان و هاندانی وەبەرهێنان لە هەرێم.