پەیامى پارێزگارى هەولێر بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى شانۆ

پەیامى پارێزگارى هەولێر بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى شانۆ


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانى شانۆ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەى سەرجەم شانۆکارانی جیهان و کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دەکەین، هیوادارم شانۆکاران وەک هەمیشە لەگەیاندنی پەیامى پیرۆزی شانۆ کە ئەویش پەیامی مرۆڤ دۆستی و ژیاندۆستیە وەک باوکى هونەرەکان لە دەست نەدەن و بەردەوام بن.
هونەری شانۆ لە کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی هەمیشە بەشێكی دانەبڕاو بووە لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان، شانۆکاران چ لە شار و چ لە شاخ لەپێناوى ئازادی و رزگاری میللەت و نیشتمان، ڕۆڵی گرنگ و پێشەنگیان گێراوە و پەیامی پیرۆزى خۆیان لەدەست نەداوە، هیوادارین وەک چۆن لەڕابردوودا ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە، بەهەوڵ و تێکۆشانی زیاتر و ئاشتکردنەوەی بینەر بە شانۆ بەهەمان شێوە بەپێشەنگی بمێنەوە لە ووشیار کردنەوەی تاکی کورد.
شانۆى کوردى و شانۆی هەولێر بە درێژایی مێژوو پەیامی مرۆڤایەتی وێنا کردووە و سەردەمانێک مینبەر و بڵندگۆی گەیاندنی دۆزی ڕەوای کورد و مافە ڕەواکانی بووە، وەک قوتابخانە چەندین شانۆکاری بە ئەزموونی پێگەیاندووە کە وەک گەوهەرێکی پڕ بەها تا ئێستاش لەناوەندی هونەری کوردیدا کاری هونەری بەرهەم دەهێنن. لەم بۆنەیەدا بەڵێن دەدەین لە داهاتوو هەنگاو بە هەنگاو کێشەو گرفتەکانی بەردەم شانۆکاران لەشارەکەمان چارەسەر دەکەین و سەرلەنوێ تەختەی شانۆکان بە نمایشی شانۆیی شانۆکاران ئاوەدان دەکەینەوە، وەک پارێزگای هەولێر، دڵنیایی دەدەین کە پاڵپشت و هاوکاریانین و ئەرکی لە پێشینەمان وەک سەرمایەیەکی نیشتیمانی گەورە، گرنیگدان دەبێت بە ئەزموونی شانۆکاران لەپێناو بونیاتنانی ئایندەیەکی گەش و ڕووناک بۆ وڵاتەکەمان.
جارێکی تر ڕۆژی جیهانى شانۆتان پیرۆزبێت
درود بۆ ڕۆحی پاکی ھونەرمەندانی شارەکەمان و شەھیدانی ڕێگاى ڕزگارىخوازى کوردستان
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2022.3.26