لەهەولێر، لە رۆژى توێژینەوەى ڕاهێنراوان دیدارێکى زانستیی ئەنجامدرا
نیوەڕۆى رۆژی دووشەمە 2022.3.28، بەئامادەبوونى د.هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و د.سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى و سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و د.دارا رەشید، وەزیرى پلاندانان، لەژێر چاودێرى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لەڕۆژى توێژینەوەى ڕاهێنراوان، لە هوتێل رۆتاناى شارى هەولێر دیدارێکى زانستیی ئەنجامدرا.
لەدیدارەکەدا بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانی ڕاهێنراوانی بۆردی کوردستانی پێشکەش کرا، کە (100) ڕاهێنراوی بۆردی کوردستانی لە (28) بواری پسپۆڕی پزیشکی جیاجیا، دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانیان هاوبەش کردبوو، بەمەبەستى دەرخستنى گرنگى و بایەخى توێژینەوەی زانستی لە بۆردی کودستانی کە توانییەتی دەفەتی گونجاو بۆ پزیشکارانی هەرێمى کوردستان بڕەخسێنێت، تاکو لەپاڵ خوێندن و ڕاهێنانی کلینیکی، پەرە بەتواناکانیان بدەن و توێژینەوەی زانستیەکانیان ببێتە بەشێکی گرنگ لە هەمو بوارە پسپۆڕییەکاندا.