پارێزگاری هەولێر: بهدادپهروهرانه دەست دەکەین بە پرۆسەی هاوکاریکردنى زیانلێکەوتووانی لافاوەکانى هەولێر
نیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 2022.3.27، بەسەرپەرشتى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ئامادەبوونى موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە هاوکاریکردنى زیانلێکەوتووانی لافاوەکانى 2021.12.17 و 2022.1.13ى هەولێر ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە یاریدەرى پارێزگار و قائیمقامەکانى ناوەند و دەشتى هەولێر و بەڕێوەبەرى EJCC/ پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرانى ناحیەکانى دارەتوو و قوشتەپە و بەڕێوەبەرانى شارەوانیەکان و بەشێکى دیکە لە بەرپرسانى دەزگاى خێرخوازى بارزانى ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر هاوکاریکردنى زیان لێکەوتووانى لافاوەکانى 2021.12.17 و 2022.1.13ى هەولێر و تەئکیدى لەسەر ئەوەکردەوە کە لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى جەنابى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام لەگەڵمان لەسەر هێڵبووە و جهنابیان بە شێوەی مەیدانی سەردانی خەڵکەکەی کرد و دڵنیاییدا لەوەی هاوکارى زیانلێکەوتتوان دەکەینەوە و ئەو کەس و لایەنانەشى کە کەمتەرخەم بوونە و بوونەتە هۆى دروستبوونى لافاوەکان ئیجرائاتى پێویستیان لەگەڵدا دەکرێت.
پاشان لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ سەبارەت بە دواین ئامادهکارییەکان کرا بۆ هاوکاریکردنى زیانەکان کە لهلایهن ڕێزدار مەسرور بارزانى، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕهزامهندی دراوە بۆ هاوکاریکردنیان، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر جەختى لەسەر ئەوە کردەوە بەو بڕە پارەیەى ئێستا لەبەردەستمانە و دانراوە بۆ هاوکاریکردنى زیانلێکەوتووان بەشێوەیەکى یەکسان و دادپەروارانەوە و به دیقهتەوە بەسەر زیانلێکەوتتوانى هەردوو لافاوى 2021.12.17 و 2022.1.13 دابەشیدەکەین.
ئێوارەى ئەمڕۆش پارێزگارى هەولێر، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: "دوای سێ ڕۆژی دیکە دەست بە ڕێکارەکان دەکرێت بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان، کۆی گشتیی زیانەکانی هاووڵاتییان نزیکەی 21 ملیار دینارە، ئەمەش جگە لەو زیانانەی بەر پڕۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەوتووە".
پارێزگارى هەولێر وتیشى: "ملیارێک و نیو بۆ چاککردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە، هەروەها بە بڕی 7 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان دابینکراوە".
لەبارەی زیانەکانی هاووڵاتییان پارێزگارى هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە هەزار و 189 ئۆتۆمبێل، 3 هەزار و 183 خێزان و ماڵ، 408 خانوو لەگەڵ 350 دووکان زیانیان بەرکەوتوو و کۆی گشتیی ئەو کەسانەشی کە هاوکاری دەکرێن 4 هەزار و 797 کەسن و بڕێک پارە لە بەرامبەر زیانەکان بە هاووڵاتییان دەدرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە بەداخەوە حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بەپێی پێویست بڕیاری بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان نەداوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم قەرەبووکردنەوەیە هیچ پەیوەندیی بە حکوومەتی عێراق نییە.
ڕاشیگەیاند، کە لە ماوەى داهاتوودا لیستێک لەو کەس و لایەن و شوێنانە رادەگەیەنین کە هۆکارى دروست بوونى لافاوەکان بوون و لە سەرپێچیکار و فەرمانبەرى کەمتەرخەم و پرۆژەکانى نیشتەجێبوون و هەموو ئەوانەى هۆکاربوون ئیجرائاتى یاساییان لەگەڵ دەکرێت.
جێگەى باسە، 2021.12.17 و 2022.1.13، بەهۆى بارینى شەپۆلێکی بارانى بەخوڕ لافاو له بەشێکى شارى هەولێر روویدا، بهگوێرهی خهمڵاندنی لێژنەکانى پاریزگاى هەولێر جگە لەزیانەکانى کەرتى گشتیى، تەنها زیانى هاوڵاتییان بە زیاتر لە (21) ملیار دینار خەمڵێندرا.