بەگوژمەی (ملیارێک و حەفتا و شەش ملیۆن دینار) هەردوو پڕۆژەى قیرتاوکردنی گەڕەکی گوڵانى بنەسڵاوە و شەقامەکانى گەڕەکی ئاشتی لە تەواوبووندان

بەگوژمەی (ملیارێک و حەفتا و شەش  ملیۆن دینار) هەردوو پڕۆژەى قیرتاوکردنی گەڕەکی گوڵانى بنەسڵاوە و شەقامەکانى گەڕەکی ئاشتی لە تەواوبووندان

پێش نیوەڕۆى رۆژی چوارشەممە 2022.3.30، ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و جوان فەتحوڵڵا، قائیمقامى قەزایى دەشتى هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردنی لەگەڕەکی گوڵانى بنەسڵاوە بەسەرکردەوە و بەدواداچوونى بۆ پڕۆژەی دروستکردنی شەقامەکانى گەڕەکی ئاشتی و دروستکردنی ئاوەڕۆیی لولەیی گەڕەکی گەڕەسوور و قیرتاو کردنی شەقامەکانى ئەو گەڕەکەکرد کە هەردوو پڕۆژە بەگوژمەی ملیارێک و حەفتاو شەش ملیۆن دینار لەجێبەجێکردندان.
پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردنی گەڕەکی گوڵانى بنەسڵاوە کە بەگوژمەی (164,485,000)سەد و شەست چوار ملیۆن و چوارسەدو هەشتا و پێنج هەزار دینار بەشێوەی ڕاستەو خۆ لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر جێ بەجێ دەکرێت و لە (100٪)ى کارەکانی تەواو بووە، وێڕاى دەستخۆشى لەئەندازیاران و تیمى سەرپەرشتیار و کرێکارانى پڕۆژەکە ڕایگەیاند: "ئەم گەڕەکە وەکو گەڕەکێکى نوێى بنەسڵاوە پێویستى بەوە هەبوو کە ئەو پڕۆژانەى تێدا ئەنجامبدرێت".
گوتیشى: "وەکو پارێزگاى هەولێر بە پێى ئەو بەرنامە و پلانانەى لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر کە دانراوه‌ بۆ ئەمساڵ 85 ملیار دینارە کە بۆ پارساڵ 28 ملیار دینار بوو، ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە ڕێگامان ئەمساڵ ژمارەیەکى زۆر لە پڕۆژەى خزمەتگوزارى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدەدەین کە بەشێکیان لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێردەبێت و بەشێکى تریشان لەڕێگەى وەزارەتەکانەوە ئەنجامدەدرێن".
جێگه‌ى باسه‌، پڕۆژەی دروستکردنی شەقامى گەڕەکی ئاشتی و دروستکردنی ئاوەڕۆیی لولەیی لەگەڕەکی گەڕەسوور و قیرتاو کردنی شەقامەکانى لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پاریزگای هەولێر بۆساڵی 2021 بەگوژمەی 916,862,375 نۆسەد شازدە ملیۆن و هەشت سەد و شەست و دوو هەزار لەلایەن کۆمپانیای چمدی جێبەجێدەکرێت و لەئێستاشدا لە (95%) کارەکانى تەواو بووە، هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردنی گەڕەکی گوڵانى بنەسڵاوە کە بەگوژمەی (164,485,000)سەد و شەست چوار ملیۆن و چوارسەدو هەشتا و پێنج هەزار دینار بەشێوەی ڕاستەو خۆ لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر جێ بەجێ دەکرێت و لە (100٪)ى کارەکانی تەواو بووە.