بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، لەسەر قەڵای هەولێر بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ ئاهەنگێک سازکرا

بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، لەسەر قەڵای هەولێر بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ ئاهەنگێک سازکرا

شه‌ وی پێنجشەممە 2022.3.31، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئانۆجەوهەر، وەزیرى گواستنەوە و ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و د.جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هەریەک لە قائیمقامى ناوەند و قائیمقامى عەنکاوە و بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى زۆرى دیکە لەمیوانا، لەسەر قەڵاى هەولێر، بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ ئاهەنگێک سازکرا.
لەدەسپێکى ئاهەنگەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەگوتارێکدا وێڕاى پیرۆزبایى بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ لەبرایانى كلدان سریان ئاشووری، ئومێدی خواست سەری ساڵی تازە ببێتە خێر و خۆشی و بەركەت بۆ هەموولایەک. پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانى کوردستان کردەوە و ئاماژەى بەوەدا هەولێرى پایتەخت و هه‌رێمى کوردستان وەک ژۆن هەمیشە مەڵبەندى پێکەوەژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبوردەییی ئایینی و نەتەوەیی بووە و هەربەمشێوەیەش دەمێنێتەوە.
جێگەى باسە، سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ، بەلای کلدانەکانەوە جەژنێکی نەتەوەییە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی 5300 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و ماوەی 12 رۆژ دەخایەنێت، جگە لە سەما و هەڵپەڕکێ، هاوشێوەی نەورۆزی کوردان، گەشت و سەیرانیشی تێدایە. لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە کریستیانەکان ئەو جەژنەیان پیرۆز دەکەن.