پارێزگاری هەولێر: "کۆیە یەکێکە لە قەزا گرنگەکانى هەولێر و بەدڵ و بەگیان خزمەتى دەکەین"

پارێزگاری هەولێر:

نیوەڕۆى رۆژی دووشەممە 2022.4.4، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و تاریق جەلال حسێن، قائیمقامى کۆیە و بەڕێوەبەرى گشتى چاککردنەوە و پاراستنى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى دابەشکردنى کارەباى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکان و سەرۆکى لیژنەى مولیدە ئەهلیەکان و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى یەکەى ئیدارى قائیمقامیەتى قەزایی کۆیە، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە خزمەتگوزارى و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى سنوورى قەزایی کۆیە ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە قائیمقام و بەرپرسانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى قائیمقامیەتى قەزایی کۆیە کرد بۆ چارەسەرکردنى کیشەکان و خزمەتکردنى هاوڵاتییان و وتى: "وەکو پارێزگاى هەولێر بەرپرسین لەهەرکەم و کوڕییەک هەبێت لەهەر شوێنێکى سنوورى پارێزگاکەمان و کۆیەش یەکێکى لە قەزا گرنگەکانى هەولێر و بەدڵ و بەگیان خزمەتى دەکەین". پاشان تیشکخرایە سەر ئەو کێشەیەى کە خاوەن مولیدەکان لە ناوەندى قەزایی کۆیە دروستیان کرد لەوبارەیەوە پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا هەر خاوەنى مولیدیەک پابەند نەبێت بەو بەڵێنامەیەى داویەتى لە قائیمقامیەتى کۆیە ڕێکارى یاسایی لەبەرمبەردا بگیرێتەبەر و کەسێکى دیکەى لەشوینى دابنرێت.
له‌تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بەچاککردن و نۆژەنکردنەوەى ڕێگاوبانى کۆیە و ئەو بارهەڵگرانەى لەسلێمانى بۆ هەولێر و بە پێچەوانەوە لەهەولێرەوە بەرە و سلێمانى بەشارى کۆیە دەڕۆن، پارێرێزگارى هەولێر بڕیاریدا لەهاتنیان بە ڕێگاى کۆیە بێن بۆ هەولێر و لەگەڕانەوەشیان لە هەولێرەوە بۆ سلێمانى دەبێت بە ڕێگاى سماقوڵى بگەڕێنەوە، سەبارەت بە پڕۆژەى دووسایدى کۆیە - هەولێریش پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگاى هەولێر داوا لە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین، پرۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، بخرێتە ریزبەندیی یەکەمی پرۆژە ستراتیژیەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022 و دەست بەجیبەجێکردنى بکرێت".