پارێزگاری هەولێر: "هەر کۆمپانیایەکى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون پابەندنەبێت بەو نرخەى كه‌ لەلایەن پارێزگاى هەولێرەوە دیاریکراوە، بەتوندترین شێوە ڕووبەڕووى سزایی یاسایی و پێبژردن دەبێتەوە"

پارێزگاری هەولێر:

نیوەڕۆى رۆژی یەکشەممە 2022.4.3، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەرى پارێزگار و سامان عارەب، بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى پارێزگاى هەلێر و ئەندامانى دیکە لیژنە، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە نرخى خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە لەلایەن لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ھەولێر دیاریکراوە، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لە پابەندبوونى خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکانى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون کردەوە بە بڕیارەکانی پارێزگای ھەولێر لە دیارییکردنی نرخی خزمەتگوزاری یەکە و شارەکانی نێشتەجێبوون و ڕایگەیاند: "هەر خاوەن پڕۆژەیەک، یان کۆمپانیایەکى خزمەتگوزاریی یەکەکانى نیشتەجێبوون پابەند نەبێت بەو نرخەى کە لەلایەن پارێزگاى هەولێرەوە دیاریکراوە بۆ خزمەتگوزاریی لە یەکە و شارە نیشتەجێبووەکان و سەرپێچى بکات، بەتوندترین شێوە ڕووبەڕووى سزایی یاسایی و پێبژردن دەبێتەوە".
جێگه‌ى باسه‌، لەپێناو بەرژەوەندى گشتیى و دەسبەرکردنى یەکسانى و دادپەروەرى لەنرخى خزمەتگوزارى یەکەکانى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون، لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکان لە پارێزگای ھەولێر نرخی خزمەتگوزاری پڕۆژەکانى نیشتەجێبوونی دیاریکرد و لە لیستێکدا نرخی خزمەتگوزارییەکان بەگشتى ڕاگەیاند، دواى ماوەیەک لە پابەندن بوون، لە ئێستادا بەشێک لە کۆمپانیاکان بە بەهانەى جۆرا و جۆر دەستیانکردووە بەگرانکردنەوەى نرخى خزمەتگوزارییەکان لەسەر هاوڵاتییان و ئەمەش بەهیچ شێوەیەک ڕێگەى پێنادرێت.