پارێزگاری هه‌ولێر، لەگەڵ ئەندامێکی لیژنەی کاروبارى دەرەوە لە کۆنگرێسى ئەمریکا کۆبۆوە

پارێزگاری هه‌ولێر، لەگەڵ ئەندامێکی لیژنەی کاروبارى دەرەوە لە کۆنگرێسى ئەمریکا کۆبۆوە

پێنجشەممە 2022.5.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى بەیان سامى عەبدولڕەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا، لەچوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەککگرتووەکانى ئەمریکا، لەگەڵ ستیڤ چابۆت، ئەندامی لیژنەی کاروبارى دەرەوە لە کۆنگرێسى ئەمریکا کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر جگە لەوەى جەختى لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، باسى لەبارو دۆخى عێراق بەگشتى و پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بۆ لەناوبردنى یەکجارەکى داعش کرد و تیشکى خستە سەر دۆخى سیاسى و ئابوورى و مرۆیى و ئەو ئارامى و ئاسایش و پێشکەوتنانەى لەهەرێمى کوردستان بەرقەرارە. هەروەها پارێزگارى هەولێر گرنگیدان و پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئاشتى و پێکەوەژیان و پاراستنى تەواوى پێکهاتە ئایینە جیاوازەکان لە هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە.
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى دۆخى ئاسایشى عێراق و هاوپەیمانێتى لەگەڵ هێزى پێشمەرگەى کوردستان و ڕێگاکانى سنوردارکردنى جموجۆڵى تیرۆرستانى داعش کرد، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئەمریکاى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ پێویست زانى و جەختى لە گرنگی پشتیوانیی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆرستانى داعش و نه‌هێشتن و له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى داعش کردەوە لە پێناو سەقامگیربوونی ناوچەکە.
لەکۆتایشدا، باس لە پەیوەندییە ئابورییەکان و دۆخى ئابوورى هەرێمى کوردستان و دەرفەتى کارى هاوبەش لەنێوان کۆمپانیاکانى ئەمریکا و هەرێمى کوردستان کرا، جەخت لە ئالوگۆڕى بازرگانى و دۆزینەوەى دەرفەتى کار بۆ کۆمپانیاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و سوود وه‌رگرتن لە ئه‌زموونی ئه‌م وڵاته‌‌ بۆ زیاتر پێشكه‌وتنی‌ هه‌ولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کرایەوە.