بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، سەمپۆزیۆمی شاری تەندروست لەهەریر بەڕێوەچوو
یەکشەممە 2022.5.29، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر و قائیمقامى قەزایی شەقڵاوە و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و بەرپرسانى دیکە و بەڕێوەبەرى ناحیەى هەریر و پسپۆران و مامۆستایانى زانکۆ، بە مەبەستی شارەزایی لە شێوازی بەڕێوەبردن و گەشەسەندنی شار و کۆمەڵگە، سەمپۆزیۆمی شاری تەندروست لەهەریر بەڕێوەچوو.
جگە لەپێشکەشکردنى چەند وتارێک، دوو پانێڵ بە بەشدارى پسپۆران و مامۆستایانى زانکۆ پێشکەشکران، پانێڵى یەکەم لەژێرناوى (پانێڵی د. فەرسەت سۆفی ) و پانێلی دووەم لەژێرناوى (پانێڵی شەهید فەڕەنسۆ هەریری)، کە تێیدا خوێندنەوەى پێویست بۆ چۆنیەتى پێشخستنی شار و سوود وەرگرتن لە شێوازى وڵاتانی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو بۆ دروستکردنى شاری تەندروست تاوتوکران.
جێگەى باسە، ئامانجی سەرەکی سەمپۆزیۆمی شاری تەندروست لە هەریر، دۆزینەوەی کلیلی گەشەسەندنە بە میتۆدێکی تێکەڵ کە پێکهاتووە لە ئەزموونی زانستیی وڵاتانی پێشکەوتوو و خۆماڵی کردنی ئەو ئەزموونە و چەسپاندنی لە شوێنێکی وەک هەرێمى کوردستان. هەروەها گەیشتنە بە ڕەوتێکی هزری و میکانیزمێکی نوێی بەڕێوەبردن بۆ گەیشتن بە شاری تەندروست و کۆمەڵگەیەکی تەندروست، وابڕیاریشە دوای ماوەیەک کۆی بابەتەکانی پێشکەشکراو، هەڵسەنگاندن، دەرئەنجام، پێشنیار و ڕاپۆرتی گشتی سەمپۆزیۆم لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا پێشکەش بکرێت.