زەوى بۆ چەندین پڕۆژەى دیکەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین دەکرێت
نیوەڕۆى یەکشەممە 2022.6.5، بەسەرپەرشتیى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و سەرجەم ئەندامان، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لەکۆى (48) پڕۆژە کە داواى دابینکردنى زەویان کردبوو، زەوی بۆ دروستکرنی (10) پڕۆژەى پیشەسازى و وەبەرهێنانى قورس و مامناوەند لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخانکرا، (2) پڕۆژە ڕەتکرایەوە، (36) پڕۆژەش دواخرا.
جێگەى باسە، لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە ساڵی ڕابردوو 2021 بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لەهەولێرى پایتەخت، لەبوارەکانى (کارگەی هەیکەلی ئاسن، کەل و پەلى کارەبا، گۆڕەر، پیشەسازیی خۆراک، کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز ... هتد) بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ بونیاتنانى (70) کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند لەسنوورى شارەوانى هەولێر تەرخان کردووە، کە لەداهاتوویەکى نزیکدا سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.