بۆیەکەمین جار لەهەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی قاوەخانەیەک بۆ ئافرەتانی خانەنشینان دانرا
رۆژی سێشەممە 2022.6.7، لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە رێوڕەسمێکدا لە باخی شاری هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی (قاوهخانهى ئافرهتان) لهسەنتەری خانەنشین دانرا.
لەڕیورەسمەکەدا کە هەریەک لە موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى و نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەرى گشتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى و د.کوردستان موکریانى و ژمارەیەکى دیکە لە نوێنەرانى ڕێکخراوەکانى ئافرەتان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لەگوتارێکدا ئاماژەى بەوەدا ئەم پڕۆژەیە بۆئەوەى زیاتر خزمەتى ئافرەتانى خانەنشین بکەین و ڕایگەیاند: "لەجیاتى ئەو خانمە خانەنشینانە و هەموو ئەو پیاوانەش کە ئەم بیرۆکەیەیان لەلاوە گرنگ بوو، بەناوى پارێزگاى هەولێر سوپاس و پێزانى زۆرمان بۆ دەزگاى خێرخوازى بارزانى کە ئەم بیرۆکەیەمان هەبوو و ئەوان دەستپێشخەربوون لە ئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە".
پارێزگارى هەولێر هەروەها گوتى: وەکو پارێزگاى هەولێر وێڕاى پشتیوانیمان لە سەنتەرى خانەشینى و پاڵپشتیمان بۆیان و زیادکردنى خزمەتگوزارى بۆیان، بەڵنیان پێدەدەین بەبەردەوامى لەگەڵیان بین و هاوکاریان بین".
جێگەى باسە، پڕۆژەى سەنتەری خانەنشینی بۆ خانمان لەسەر بودجەى دەزگای خێرخوازی بارزانی بەبڕى 98 ملیۆن دینار لە پاڵ پرۆژە ستراتیژییە گرینگەکانی لە باخی شاری هەولێر دەست بەدروستکرنى کرا، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا لە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر تەنیا پیاوانی خانەنشین مافی ئەندامیەتی یان هەبووە و دەیانتوانی سەردانی سەنتەرەکە بکەن، بەڵام بەتەواوبوونى ئەم پڕۆژەیە ئافرەتانیش دەتوانن فۆرمی ئەندامێتی پڕ بكەنەوە و بەشی خانمانی خانەنشین لە سەنتەرەكه دەكرێتەوە و بەشێكی تایبەت دەكرێت بە ئافرەتانی خانەنشین.