بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، کۆتایی بە دووەم پاڵەوانیەتی عەرەبی بۆ وەرزشە ئاسمانییەکان هێنرا، کەبۆ یەکەمین جار لەهەولێری پایتەخت، بە بەشدارى تیمی 12 وڵاتی عەرەبی ئەنجامدرا
رۆژی یەکشەممە 2022.6.12، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و د.شاکر سمو، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و سەرۆکی یەکێتی عەرەبی بۆ وەرزشە ئاسمانییەکان و یەکێتی عێراقی وەرزشی ئاسمانی - لقی کوردستان و ژمارەیەکی دیکەبەرپرسان و وەرزشوانان و وەرزش دۆستان، لەپارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە ڕێورەسمێکدا کۆتایی بە دووەم پاڵەوانیەتی عەرەبی بۆ وەرزشە ئاسمانییەکان هێنرا، کە بۆ یەکەمین جار لەعێراق و لەهەولێری پایتەخت بەبەشدارى تیمی 12 وڵاتی عەرەبی لەوانە (سوريا. مسڕ. قەتەر. ئوردن. ئیمارات. جەزائیر. ليبيا. فەڵەستین. سعوديە. لبنان. كويت. سودان) جگە لە عێراق کەمیوانداری پاڵەوانیەتیەکەی کردووە، لە 2022.6.4 تاوەکو 2022.6.12 لە هەولێرى پایتەخت بۆ ماوەی 6 ڕۆژ بەڕێوەچوو.
لەڕێورەسمەکەدا جگە لە پێشکەشکردنی چەند وتارێک و پاشان نمایشکردنی خۆهەڵدان بەپەرەشووت و ئاڵای ووڵاتانی بەشداربوو، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و وەزیری وەرزش و لاوانی ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسان، جامی پاڵەوانیەتیەکە و خەڵات بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمی پاڵەوانیەتیەکە دابەشکرا.