پارێزگاری هەولێر، سەردانی تیمی چاککردنەوە بۆڕی ئیفراز سێ هەولێری کرد
ئەمشەو شەممە 2022.7.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان سەردانی تیمی چاککردنەوەی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ هەولێری کرد و لەلایەن ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێم و زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، پێشوازی لێکرا.
پارێزگاری هەولێر لەنزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و هۆکاری شکانی بۆڕی ئاوی ئیفرازسێی کۆڵیەوە، کە ئەمڕۆ دوای چەند کاتژمێرێک دوای چاککردنەوەی، جارێکی دیکە لە شوێنێکی دیکەی نزیک لە شوێنی شکانی پێشوو، شکایەوە و لەئێستاشدا تیمی چاککردنەوە سەرقاڵی چاککردنەوەین، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکە کە بەشەو و ڕۆژ و بەم جەژنە لەکاردان بۆ چاککردنەوەی و گەڕاندنەوەی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان، تەئکیدی لەوەکردەوە کە دەبێت بەهەمووشێوەیەک پەلەبکرێت لەچاککردنەوەی بۆڕییەکە، هەروەها دڵنیایشی دایە هاوڵاتییان کە کاری تیمەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو بەیانی بۆڕییەکە بەتەواوی چاککدەکرێتەوە و ئاو دەگەڕێتەوە هەموو ئەو گەڕەک و ماڵانەی بەهۆی شکانی بۆڕیەکەوە دووچاری بێ ئاوی هاتوون.
جێگەی باسە، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات، لەوانەش گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە، لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.