دەزگای خێرخوازی بارزانی (50) قوتابخانە لەسنووری پارێزگای هەولێر نۆژەن دەکاتەوە
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 2022.7.24، بەئامادەبوونی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی (200) قوتابخانە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەهەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیندرا، کە بۆ هەر قوتابخانەیەک (10) هەزار دۆلار دانراوە و کۆی گشتی پڕۆژەکان دوو ملیۆن دۆلاری تێدەچێت،.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: "وێڕای دەست خۆشیمان لەدەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم قوتابخانانە کە یەکێکە لەپڕۆژە گرنگەکان و لەسنووری پارێزگاکەمان 50 قوتابخانە دەگرێتەوە، لەئێستاشدا جگەلە نۆژەنکردنەوەی ئەم قوتابخانانە بەسوپاسەوە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە 7 قوتابخانەی دیکە لەهەولێر و دەوروبەری دروست دەکرێت، سوپاس و پێزانیمان بۆ سەرجەم خۆبەخش و بەخشرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ستاف و سەرۆکی دەزگاکە هەیە، کە هەمیشە لەگەڵ ئێمە بوونە وەکو پارێزگای هەولێر و بەشێکی گرنگ بوونە لەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێت بەتایبەتی لەخزمەتگوزارییە مرۆیانەیەکان".